(نوچەنێت)
وردە وردە نهێنییەكانی كۆبوونەوەی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەگەڵ حكوومەتی عێراقی ئاشكرا دەبێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە ئێستا بڵاودەكرێنەوە لەمیانی بەڕێوەچوونی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەدا سەرەك وەزیرانی حكوومەتی عێراق مستەفا كازمی تووڕە بووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان هێڤیدار ئەحمەد لە میانی وتارێكدا لە ماڵپەری رووداو بڵاویكردۆتەوە، دەقی قسەكانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی هەرێمە بۆ بەغدا كە ئەمڕۆ لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان و هەندێ لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان كۆبوونەوەیان ئەنجامدا.
قوباد تاڵەبانی لەو كۆبوونەوەیە هەندێ نهێنی كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەغدا بۆ پەرلەمانی كوردستان ئاشكرا كردبوو، تاڵەبانی وتبووی “لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان قسەم کرد و دواتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووینەوە، کازمی لەو کۆبوونەوەیە داوای کرد کە بە ژمارە بڵێین مافی هەرێمی كوردستان چەندە؟ گوتیان 40 ملیار دینارە، کردمانە گاڵتە گوتم ئایا 40 ملیار دینار زۆر نییە؟ دواتر گوتیان 160 ملیار دینارە و دواتر گوتیان بە گوێرەی هەندێک لێکدانەوەی حیسابی مافی هەرێمی كوردستان 320 ملیار دینارە. لەو کۆبوونەوەیە نەگەیشتنە ژمارەی کۆتایی وەک مافی هەرێمی كوردستان، بەڕێز کازمی داوای کرد رۆژی دواتر وەڵامی کۆتایی شاندی هەرێمی كوردستان بدرێتەوە، رۆژی دواتر کۆبووینەوە و گوتمان بە گوێرەی یاسایی ئیدارەی دارایی، مادام لە 2020 یاسای بودجە نییە، دەبێ لەسەر بودجەی 2019 مافی هەرێمی كوردستان دیاری بکرێت کە چەندە، کە لێکیاندایەوە مافی ئێمە لە 320 ملیار دینار زیاتر بوو، ئەوان هاتن لێکدانەوەیەکی جیاوازیان کرد و گوتیان هەرێمی کوردستان نەک مافی نییە بگرە یەک ملیار دۆلاریش قەرزدارە!” قوباد تاڵەبانی وتیشی “هەستمانکرد بڕیارێکی سیاسی لە پشت قسەکانیان هەبوو و بابەتەکە بە سیاسی کرا”.
هەروەها تاڵەبانی دەڵێ “دوای ئەو کۆبوونەوەیە کازمی داوای کرد سەردانی بکەین، چووینە لای کازمی، زۆر زۆر تووڕەبوو لە تیمەکەی و گوتی مەعقولە شاندی هەرێمی كوردستان 10 رۆژە لێرەیە و هیچ ئەنجامێک نەبووە، لەوسەر بەڕێزێک گوتی (ماکۆ سیولە) واتە پارەی کاش نییە بیدەینە هەرێمی كوردستان، کازمی گوتی ئەی بۆ لەسەرەتاوە بە شاندی هەرێمی كوردستان نەگوترا کە پارە نییە، وەزیری دارایی عێراق وەڵامی کازمی دایەوەو گوتی (سیولە هەیە) پارە هەیە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ئەوە قبووڵ نییە پارە بدەینە هەرێمی كوردستان، کێشەکە لای ئێمەیە وەک بەغدا نەک هەرێمی کوردستان”.