شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و چەند فراکسیۆنێک لە کۆبوونەوەدان، بەڵام هەردوو فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند “ئێمە وەکو فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بایکۆتی ئەم کۆبوونەوەیەمان کردووە، چونکە دەبوایە ئەو کۆبوونەوەیە لە هۆڵی پەرلەمان و بە ئامادەبوونی هەموو پەرلەمانتاران بێت و بۆ رای گشتی باسی قسە و گفتوگۆکان بکرێت.”
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان پێیوایە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زانراوە “پەرلەمانی کوردستانیش دوایین دەزگای فەرمییە کە وردەکاریی کۆبوونەوەکانی شاندەکەی حکومەت دەزانێت، بەڵام بەداخەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بووەتە بەشێک لە دەسەڵات و سەربەخۆیی خۆی وەک دامودەزگایەکی هەڵبژێردراوی خەڵک لەدەستداوە.”
ناوبراو ئاماژە بەوەشدا، کە ئەمڕۆ خەڵک بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و “دەبوایە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی دیکەی لەبارەی ئەو بارودۆخە کردبا، کە ئێستا هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕبێت. بۆیە پەرلەمان رۆژ بە رۆژ لە نوێنەرایەتی گەل دێتەخوارەوە.”
لەلایەكی دیكەش فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بە فەرمی بایکۆتکردنی خۆی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندنی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە نەداوە.
کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 28-12-2020، شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت گەیشتە پەرلەمانی کوردستان و بڕیارە دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرلەمانی کوردستان روون بکاتەوە.
پەرلەمان و وەفدەكەی حكوومەت لە كۆبوونەوەدان و كۆمەڵ و یەكگرتووش بایكۆتیان كرد
0
Share.