نوچه‌نێت
توركیا ده‌كه‌وێته ركابه‌رى ئێران بۆ پێدانى كاره‌با به عێراق، حكوومه‌تى عێراقیش هه‌واڵێكى توركیا سه‌باره‌ت به كاره‌با به درۆ ده‌خاته‌وه.
رۆژنامه‌ى ئه‌حوالى توركیا راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه و باس له بوونى ركابه‌رییه‌كى توند له‌نێوان توركیا و ئێران ده‌كات له‌سه‌ر پێدانى كاره‌با به عێراق.
ئه‌حوال ده‌ڵێ تا ماوه‌یه‌كى نزیك توركیا چاودێرى ئێرانى ده‌كات كه كاره‌باى به عێراق ده‌دا و ملیۆنان دۆلارى ده‌ستده‌كه‌وت. به‌ڵام به‌هۆى پێچوپه‌ناى ئێران له دۆسیه‌ى كاره‌با و به‌هۆى سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى بۆ توركیا، ئه‌م وڵاته به ئاسانى ده‌بێته ركابه‌رى ئێران.
له راپۆرته‌كه ئاماژه بۆ تواناى توركیا له بوارى وزه‌ى كاره‌با ده‌كرێت كه كاره‌با به سێ وڵات ده‌فرۆشێت ئه‌وانیش بولگاریا و جۆرجیا و یۆنانن. له‌مه‌ودوا عێراقیش ده‌بێته كڕیارى كاره‌باى توركیا.
جیا له‌وه رۆژنامه‌كانى توركیا باسیان له‌وه كردووه ئه‌مڕۆ دووشه‌م ده‌ست ده‌كرێت، به فرۆشتنى كاره‌با به عێراق. كه‌چى وه‌زاره‌تى كاره‌باى عێراق ئه‌م هه‌واڵه به‌درۆ ده‌خاته‌وه و ده‌ڵێ گه‌یاندنى كاره‌باى توركیا به عێراق كاتى ده‌وێ.
له‌دواى 2003 وه عێراق كێشه‌ى كاره‌باى هه‌یه، به‌گوێره‌ى زانیارییه فه‌رمییه‌كان له‌م ماوه‌یه‌دا زیاتر له 50 ملیار دۆلار بۆ كاره‌با ته‌رخان كراوه كه‌چى به‌هۆى گه‌نده‌ڵى كێشه‌كه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه.