(نوچەنێت)
ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) ئەوە دووپات دەكاتەوە كە هێرشەكانی توركیا و چەكدارە سوورییەكان مەترسین بۆ سەر ناوچەكانی كۆبانێ و مەنبج و تەواوی ئەو ئاوارانەش كە ئێستا لە عەین عیسا دەژین.
بێریڤان حەسەن، ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) كە هاوکات هاوسەرۆکی ئەم حیزبەشە لە ناوچەی فورات بە ماڵپەری کوردپرێسی راگەیاندووە كە هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی سەربەو وڵاتە دژ بە عەین عیسا درێژەی هەیە و هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکرێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کە جگە لە خەڵکی عەین عیسا ئاوارەکانی ناوچەی گرێ سپی و سەرێ کانیش لە عەین عیسادا دەژین”.
بێریڤان دەشڵێ “تورکیا پابەندی ئاگربەستەکان نەبووە و پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان هەنگاو دەنێت و بە هێرشکردنە سەر عەین عیسا و کوردستانی سووریا هەڕەشە لە گیانی خەڵکی مەدەنی دەکات”.
ئەو ئەندامەی دەستەی سەرکردایەتیی (PYD) لەبارەی بێدەنگیی ڕووسیا و حکوومەتی سووریاش وتی “ڕووسیا و حکوومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی خۆیان لەبارەی عەین عیسا جێبەجێ ناکەن و ئەمەش دەریدەخات هێرشەکانی تورکیا بە ڕەزامەندیی ڕووسیا ئەنجام دەدرێت”.
ناوبراو ئاشکرای کرد “عەین عیسا وەکوو ناوەندی ستراتێژیکی کوردستانی سووریا کە حەفت ناوچەی ئیدارەی خۆسەر پێکەوە دەلکێنێت و پێگەیێکی جیۆپۆلۆتیکی تایبەتی هەیە و تورکیا بەنیازی داگیرکردنیەتی و پاش ڕووخانی ئەم ناوچەیە دۆخی کۆبانی و مەنبجیش دەکەوێتە مەترسیەوە”.
بێریڤان حەسەن ، دووپاتی دەكاتەوە كە “خەڵکی کوردستانی سووریا ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە دەبنەوە و بە یەکڕیزیەوە بەرخۆدان دەکەن و داوا لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزەکان دەکەین ڕێگا بە دەستدرێژیی تورکیا نەدەن.”