(نوچەنێت)
ماڵپەڕێکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانیی ئێران لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا بۆ عێراق، لەگەڵ سەرۆکی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە وڵاتەکەی کۆبووەتەوە و دوای لێکردون لە ئامادە باشیدابن بۆ ئەگەری بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەری “الحرە”ی ئەمەریکی کە زۆرترین بایەخ بە پێشهاتەکانی عێراق دەدات ئەمڕۆ 27ی کانوونی یەکەمی 2020 ئاماژە بەوەکراوە، “قائانی لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەدایە چالاکی وجوڵەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کۆنترۆڵ بکات، دوای ئەو دۆخەی سەختەی کە ئەو گروپانە پێدا تێپەڕین بە تایبەتی دوای کوشتنی قاسم سلێمانی”.
ماڵپەرە ئەمەریکییە کە زانیارییەکانی “لە سەرچاوەیەکی سیاسی نزیک لە کۆبوونەوەکەی قائانی و سەرۆکی گروپە چەکدارەکان” وەرگرتووە ئەوەی خستووەتەڕوو، “فەرماندەی فەیلەقی قودس لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغدا کە هەفتەی ڕابردوو ئەنجامی دا لەگەڵ چوار سەرکردەی گروپەکانی نزیک لە ئێران کۆبووەتەوە کە بریتین لە قەیس خەزعەلی، سەرۆکی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق، شبل زەیدی، سەرۆکی گروپی ئیمام عەلی، ئەحمەد حمیداوی، فەرماندەی کەتیبەکانی حزبوڵا و ئەکەرم کعبی، سەرۆکی گروپی نوجەبا.”
بەگوێرەی ماڵپەڕە ئەمەریکییە، لە کۆبوونەوەکەدا قائانی داوای لە فەرماندەی ئەو چوار گروپە چەکدارییە کردووە لە تەواوی ئامادەباشیدابن بۆهەر ئەگەرێکی بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکا، بەجۆرێک ئەگەر ئەمەریکا هێرشی کردە سەرئێران ئەوا دەبێت ئەوان ڕاستەوخۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکەنە ئامانج.
سەرچاوە سیاسییەکە ئەوەشی بە “الحرە” وتووە، “ماوەی پێنج ڕۆژە ئەو چوار گروپە چەکدارە سەرقاڵی چۆڵکردنی بارەگاکانیانن لە ناو شاری بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەوەش لە ترسی ئەوەی نەوەک دووچاری گورزێکی قورسی سوپای ئەمەریکا ببنەوە”.
ڕۆژی 20ی کانونی یەکەم 2020 باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بە 21 موشکی جۆری کاتیوشا کرایە ئامانج، بۆ ڕۆژی دواتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی هێرشەکەوە لە تویتێکدا ڕایگەیاند، موشەکەکان لەلایەن ئێرانەوە هاوێژراون و هەر ئەمەریکییەکیش لە عێراق بکوژرێت ئەوا ئێران بە بەرپرس دەزانێت.