(نوچەنێت)
وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرای کرد، نزیکەی 60 هەزار کۆمپانیای بازرگانی خەیاڵی هەیە کە باج و ڕسومات قەرزارن و مانگێکیان لە بەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی دانەخرێن و دەستبەسەر موڵک و ماڵیاندا نەگیرێت.
ڕەشاد خەڵەف هاشم، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی پێشتر لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردبوو، 80 هەزار کۆمپانیا تۆمار کراون، لەناویاندا کۆمپانیا هەیە 15 ساڵە دیار نییە.
هاشم جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی کە چالاکی بازرگانی تایبەتیان هەیە دەگاتە 20 هەزار کۆمپانیا و بەوەش 60 هەزار کۆمپانیایان بە خەیاڵی دەمێننەوە.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوەش کردبوو، وەزارەتی بازرگانی دەستی کردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ پاکسازیکردنیان لەڕێگەی لیژنەیەکەوە و بۆ ئەو مەبەستەش 60 ڕۆژ مۆڵەتی بۆ دیاریکردوون ئەوەی لەسەرشانیانە ئەنجامی بدەن، لەوانە دانەوەی ئەو باج و ڕسوماتانەی کە لەسەریان کەڵەکەبووە.
لای خۆشیەوە موجاهید عەیفان، بەڕێوەبەری تۆمارکردنی گشتی لە وەزارەتی بازرگانی بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، هێشتا ئەو ماوەیەی کە بۆ کۆمپانیاکان دانراوە تەواو نەبووە و لەسەرەتای ساڵی نوێدا ئەنجامی ڕێوشوێنەکان ئاشکرا دەکەن.
ناوبراو جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، ئەگەر ئەو کۆمپانیایانەی سەرپێچی لە فەرمانەکە بکەن ئەوا دەست دەکرێت بە لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵیاندا، لەوانە لێ سەندنەوەی مۆڵەت و هەروەها ئەو موڵک و ماڵەی هەیانە دەستی بەسەردا دەگیرێت تا ئەوکاتەی باج و ڕسوماتەکان دەدەن.