سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و وەزارەتی كشتوكاڵ وەڵامی یەكتری دەدەنەوە

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
دوای ئەوەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لەپەرلەمانی کوردستان حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵی بەرێگریکردن لەدروستکردنی پڕۆژەی ناوخۆیی تۆمەتبارکرد، دوێنێ هەینی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، وەزارەتەکەیان پشتیوانی هەموو پڕۆژەیەکی خۆماڵی دەکات بەمەرجێک لەچوارچێوەی رێنماییەکاندا بێت.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، “وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوپەڕی پەرۆشیەوە پشتگیری و ئاسانکاری دەکات، لە هەموو هەوڵ و پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی خۆماڵی کە لە بەرژەوەندی جوتیاران و بە خۆمالی کردنی بەرهەمهێناندا بێت، بەمەرجێك لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکانی وەزارەتماندا بێت و هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە دەیانەوێ ڕایی گشتی بە لاڕێدا ببەن ڕەتدەکەینەوە کە گوایە وەزارەتمان ڕێگری دەکات، لە پشتیوانی و پێدانی مۆلەتی بەرهەمهێنانی پڕۆژەکانی جوتیاران و خاوەنکارانی كشتوكاڵی”.
ئەوەش هاتوە، “پێمان سەیرە کە جەنابی کاک عەبدولستار مجید، سەرۆکی فراکسیۆنێکی پەرلەمانیە و وەزیری پێشووی ئەم وەزارەتە بووەو ئاگایی و زانیاری تەواوی هەیە لەبارەی پرۆسەی پێدانی مۆلەتی فەرمی و ڕێکارەکانی دروستکردنی پڕۆژەی كشتوكاڵی و وەبەرهێنان، لە ڕێکەوتی 23/12/2020 لە سۆشیال میدیای خۆی رایی گشتی دەورژێنی و هەوڵدەدات تەشهیر بە وەزارەتمان بکات”.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بەڕێزیان ماوەیەک وەزیری ئەم وەزارەتە بوون و زۆرباش دەزانن کاتێک کە داواکاریەک دێتە بەردەستی وەزیر پێویستی بە وەرگرتنی ڕاو سەرنجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیوەندیدارە بەپێی پلانی وەبەرهێنان و پێویستیان بۆ ئەو پرۆژانەی کە داوا دەکرێت ئەنجام بدرێن، هەروەها وەزارەتمان بەردەوام پشتیوانی هەموو پڕۆژەیەکی كشتوكاڵی كردووە و ئەمەش بەداتا سەلمێنراوە کە تەنها لەم کابینەیەدا بەسەدان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە بواری کشتوکاڵیدا ڕەزامەندی لەسەر دراوە”.

لای خۆیەوە عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “تەنها ئەم یاداشتەی ئەو دوو هاوڵاتییە بەسە کە ببێتە وەڵامی ڕوونکردنەوەکەتان کە دەریدەخات بەرژەوەندی (هەندێ کۆمپانیا !) لەپێش بەرژەوەندی خەڵکەوەیە، ئێوە ئەرکی خۆتان بە دڵسۆزی و بێ جیاوازیی و لەبەرژەوەندی خەڵک بەجێبهێنن، دڵنیابن کەس کاری بە تەشهیر نیە بە وەزارەتان”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “بەپێی ئەو یاداشتەشی کە بۆ لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری هاتووە لەلایەن خاوەنی ئەو پرۆژەیەوە، ئێوە ڕێگریتان لە دروستکردنی پرۆژەی هێلکەی خواردن کردووە و خاوەنی ئەو پرۆژەیەش تەواوی ڕاستی و ڕێگرییەکان بۆ بەڕێزتان و ڕایگشتیش دەخەنەڕوو . شتی دیکەش هەیە کە جارێ کاتی باسکردنی نەهاتووە !”.

دەقی رونکردنەوەی وەزارەتی کشتوکاڵ:
رونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ ڕایی گشتی و بەرێز عبدولستار مجید، سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان.
سەرەتا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوپەڕی پەرۆشیەوە پشتگیری و ئاسانکاری دەکات، لە هەموو هەوڵ و پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی خۆماڵی کە لە بەرژەوەندی جوتیاران و بە خۆمالی کردنی بەرهەمهێناندا بێت ،بەمەرجێ لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکانی وەزارەتماندا بێت.
وە هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە دەیانەوێ ڕایی گشتی بە لاڕێدا ببەن ڕەتدەکەینەوە کە گوایە وەزارەتمان ڕێگری دەکات، لە پشتیوانی و پێدانی مۆلەتی بەرهەمهێنانی پڕۆژەکانی جوتیاران و خاوەنکارانی كشتوكاڵی.
پێمان سەیرە کە جەنابی کاک عەبدولستار مجید، سەرۆکی فراکسیۆنێکی پەرلەمانیە و وەزیری پێشووی ئەم وەزارەتە بووەو ئاگایی و زانیاری تەواوی هەیە لەبارەی پرۆسەی پێدانی مۆلەتی فەرمی و ڕێکارەکانی دروستکردنی پڕۆژەی كشتوكاڵی و وەبەرهێنان.
لە ڕێکەوتی 23/12/2020 لە سۆشیال میدیای خۆی رایی گشتی دەورژێنی و هەوڵدەدات تەشهیر بە وەزارەتمان بکات.
یەکەم …بەداخەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ: ڕێكاره یاساییەکان كه پێویست بوو داواكاری هاولاتیەکان و رونکردنەوەی پێویستی داوا بكردبایه بەو میکانیزمەی كه پەرلەمانتارێک دەبێت بیگرێتەبەر بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دروست و بەدواداچوون و وەرگرتنی رایی فەرمی وەزارەتمان وەک لایەنێکی بەرپرسیارو راستەوخۆی ئەم جۆرە کێشەو داواکاریانە.
دووەم… چاوەڕێی وەڵام و ڕوونکردنەوەی فەرمی سەرۆکایەتی پەرلەمان و وەزارەتیشی نەکرووە، لە سۆشیال میدیای خۆیی ئەو جۆرە بابەتانە بڵاودەکاتەوە.
سێیەم … بەڕێزیان ماوەیەک وەزیری ئەم وەزارەتە بوون و زۆرباش دەزانن کاتێک کە داواکاریەک دێتە بەردەستی وەزیر پێویستی بە وەرگرتنی ڕاو سەرنجی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەیوەندیدارە بەپێی پلانی وەبەرهێنان و پێویستیان بۆ ئەو پرۆژانەی کە داوا دەکرێت ئەنجام بدرێن.
بە لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیمان بۆ ڕایی گشتی و بەڕێزیان و هەموو ئەو کەسانەی کە هەمان باوەرو خوێندنەوەیان هەیە ئەم ڕوونکردنەوەیە بلاو دەکەینەوە:
١ : وەزارەتمان بەردەوام پشتیوانی هەموو پڕۆژەیەکی كشتوكاڵی كردوەو ئەمەش بەداتا سەلمێنراوە کە تەنها لەم کابینەیەدا بەسەدان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە بواری کشتوکاڵیدا ڕەزامەندی لەسەر دراوە، چەند نمونەیەک دەخەینەڕوو، تەنها هێلکەی خواردن له سنوری پارێزگای سلێمانی و هەلەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ وەڵامی ئەوەی کە پڕۆژەکان چۆن و چەند مۆڵەتیان پێدراوە:
1/پێدانی مۆڵەتی فەرمی بە پرۆژەیەکی هێلكه ی خواردن بە توانای (یەک ملیۆن و نیو هێلكه) لە سنوری پارێزگای سلێمانی.
2/پێدانی مۆلەتی پرۆژەیەکی تری هێلکەی خواردن بە توانای (پێنج سەد هەزار هێلكه ) له پارێزگای هەڵەبجە.
3/ پرۆژەیەکی تر بە تاقەی (پێنج سەد هەزار هێلكه ) بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
4/لە گەرمیان مۆڵەت دراوەتە پرۆژەیەکی تر بە توانای (پێنج سەد هەزار هێلكه ).
5/هەروەها دوو پرۆژەی گرنگی تر بۆ گۆرینی ڕەگەزی مریشک لە مریشکی گۆشتەوە بۆ مریشکی هێلکەکەر له سنوری ئیدارەی ڕاپەرین و سلێمانی.
چەندان پرۆژەی تری لەو جۆرەمان ئاراستەکراوە بۆ وەرگرتنی راو سەرنجی كشتوكاڵی پارێزگاکان بهپێی یاساو ڕێنماییەکان و پلانی پەسندکراوی وەبەرهێنان، كه پێداویستی هەر پارێزگایەک دیاریدەکات ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.
هەروەها سەبارەت بە کۆمپانیای ناوبراو، دوای ئەوەی کە دەقی داواکارییان پێشکەشی جەنابی وەزیر کردووە، لە کاتی چاوپێکەوتندا پشتگیری پرۆژەکەیان کراوە،
داواکاریەکەیان ئاراستەی کشتوکاڵی سلێمانی کراوە، بۆ وەرگرتنی ڕاو سەرنجی فەرمی بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکالی سلێمانی.
ئێمە لە کاتێکدا تائێستا بەفەرمی وەلامی نوسراومان دەربارەی پرۆژەی ئەو دوو خاوەن کارە بەدەست نەگەیشتوەتەوە. بەڕێزیان لە لایەکی تر دەبینین سکالایان هەیەو بە پێش پرۆسەکە کەوتوون و لەبڕی ئەوەی لەخەمی وەڵامی نوسراوەکەیان بن کە ئاراستەکراوە.
ئێمە ئەو دەنگۆیانە بەتەواوی ڕەتدەکەینەوە لە سەر ئەوەی گوایە ئێمە ڕێگریمان کردووە وئەوان مامەڵەکەیان تەواو کردووەو سەرجەم ڕێکارەکانیان بڕیوە، ئەم حاڵەتە وا دەکات کە سەرنجی زیاترمان هەبێ لەسەر پرۆژەکەو ناوبراوان.
لەکۆتایدا دووپاتی دەکەینەوە کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەیەک مەودا پێشوازی لە هەموو پرۆژەیەک دەکات کە خزمەتی بەرهەمهێنانی خۆمالی بکات، لە هەمان کاتدا سکاڵای یاسایی دەجوڵێنین لە دژی هەر کەس و لایەن و گروپێک، کە بیانەوێ بە بێ بنەما و بەڵگە تەشهیر بە سیاسەتی کاری وەزارەتمان بکات و ڕایی گشتی بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاربهێنێ.

راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکال و سەرچاوەکانی ئاو

دەقی رونکردنەوەی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ:
سەبارەت بە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
تەنها ئەم یاداشتەی ئەو دوو هاوڵاتییە بەسە کە ببێتە وەڵامی ڕوونکردنەوەکەتان کە دەریدەخات بەرژەوەندی (هەندێ کۆمپانیا !) لەپێش بەرژەوەندی خەڵکەوەیە .
ئێوە ئەرکی خۆتان بە دڵسۆزی و بێ جیاوازیی و لەبەرژەوەندی خەڵک بەجێبهێنن، دڵنیابن کەس کاری بە تەشهیر نیە بە وەزارەتتان بەتایبەتیش بەڕێز (عەبدولستار مەجید) .
بەپێی ئەو یاداشتەشی کە بۆ لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری هاتووە لەلایەن خاوەنی ئەو پرۆژەیەوە، ئێوە ڕێگریتان لە دروستکردنی پرۆژەی هێلکەی خواردن کردووە و خاوەنی ئەو پرۆژەیەش تەواوی ڕاستی و ڕێگرییەکان بۆ بەڕێزتان و ڕایگشتیش دەخەنەڕوو . شتی دیکەش هەیە کە جارێ کاتی باسکردنی نەهاتووە !
ئێوە پێتانوایە بە زوویی یاداشتەکە بڵاوکراوەتەوە، لەکاتێکدا چەندین نامە و پرسیار بە ڕێکاری پەیڕەوی و یاسایی لەلایەن لیژنەی کشتوکاڵ و خودی سەرۆکی لیژنەکە ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کراوە، یان وەڵام نەدراوەتەوە یان لەکاتی یاسایی خۆیدا وەڵام نەدراوەتەوە” .

نوسینگەی ڕاگەیاندنی
عەبدولستار مەجید

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com