(نوچەنێت)
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینیدەکات لەچەند رۆژی داهاتوودا پلەی گەرما لەهەرێمی کوردستان روو لە بەرزبوونەوەی بەرچاو بکات.
ئاراس جەبار لە لاپەڕەی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان نوسیویەتی “لە رۆژی یەکشەمەوە ٢٧ی١٢ی٢٠٢٠ بەرزبوونەوە لە پلەکانی گەرما روودەەدات بەرێژەی ٤ تا ٨ پلەی سلیزی زیاتر، بە جۆرێک لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەرێمدا پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە ٢٠ پلەی سلیزی لەناوچەکانی باشوری ئیدارەی گەرمیان و ئەو ناوچانەی بەرزیان کەمترە لە ٣٠٠م لە ئاستی رووی دەریاوە بۆ زیاتر لە ٢٠ پلەی سلیزی”.
باسی لەوەشکردووە، تا رۆژی پێنجشەمە رێکەوتی ٣١ی١٢ی٢٠٢٠ ئەم بەرزبوونەوەیە لە پلەکانی گەرما بەردەوامی دەبێت.
بەپێی پێشبینی ئەو شارەزایە، سبەینێ شەممە ٢٦/١٢/٢٠٢٠ ئاسمانی ھەرێم ساماڵ ئەبێت و خێرای با ئاسایی ئەبێت بە ئاراستەی باکوری رۆژھەڵات بەخێرای ٦-١٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە ناوچە شاخاویی و سنوریەکان خێرای با ١٠-١٥ کیلۆمەتر ئەبێت لە کاتژمێرێکدا ، پلەکانی گەرما بەرێژەی ١-٢ پلەی سلیزی بەرزدەبنەوە و لەکاتەکانی شەودا بەنزمی دەمێنێتەوە.