كۆشكی سپی بژاردەكانی وەڵامدانەوەی ئێرانی لە عێراقدا دیاریكردووە

0

(نوچەنێت)

کەناڵێکی ئەمەریكی ئاشکرایکرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بژاردەكانی وەڵامدانەوەی هێرشی میلیشیا عێراقییەكانی نزیك لە ئێرانی دیاریكردووە لە ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیسدا. 

تۆڕی  CNBCی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە، بەهۆی ئەنجامدانی هێرشەكان هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپەوە بارودۆخەكە لەلێواری گڕگرتندایە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای كۆبونەوەی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی و دیاریكردنی بژاردەكانی وەڵامدانەوەی گروپە چەكداریەكان دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی بۆ سەر سەربازان و دبلۆماتكرانی وڵاتەكەی كردووە. 

ئاژانسی ڕۆیتەرز دوێنێ چوارشەممە، 23ی کانونی یەکەمی 2020 ، لەزاری گەورە بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی دیاری ئاسایشی نیشتمانی لە کۆشکی سپی کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند بژاردەیەک سەبارەت بە گروپە چەکداریەکانی نزیک لە ئێران و هێرشەکانیان بۆ سەر سەربازان و دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا لە عێراق، تاوتوێ کردوە.     

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە، ئەو بەرپرسانە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەم نزیکانە چەند بژاردەیەک لەو بارەیەوە بخەنە بەردەستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا.     

ئەوەشی ئاشکراکردوە، بەرپرسەكان هەریەکە لە کریس میللەر وەزیری بەرگری بە وەکالەت و مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و ڕۆبێرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی تێدا بووە.     

بەهۆی هێرشە موشەكیەكەی ئەم دواییە بۆ سەر ناوچەی سەوز زیانێكی مادی كەم بەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا كەوت، بەدوایدا دۆناڵد ترەمپ لە تویتەری خۆی ئێرانی بەو كارە تۆمەتباركرد و نوسیبوی، “ئێستا گوێمان لە هێرشی زیاتریش دەبێت بۆ سەر ئەمەریكییەكان، ئامۆژگاری ئێران دەكەم بەوەی ئەگەر یەك ئەمەریكی بكوژرێت ئەوا بەرپرسارێتی دەخەینە سەر شانی، بیری لێبكەرەوە”. 

لای خۆشیانەوە ئێرانیەكان تۆمەتەكانی ترەمپیان ڕەتكردەوە و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە تویتەر بڵاویكردەوە، خستنە مەترسی كارمەندەكانتان لەدەرەوە سەرنجەكان لەسەر شكستە كارەساتبارەكانتان لە ناوەوە ناشارێتەوە. 

لەلایەكی دیكەش سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تۆمەتەكانی ترامپی ڕەتكردەوە و وتی، هیچ بنەمایەكیان نییە و پێشتریش چەندین جار ئیدانەی هێرشەكانمان كردوە بۆ سەر دامەزراوە دبلۆماسیەكان و ناوچەكانی نیشتەجێبون و ڕاكێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران بۆ زیادكردنی گرژیەكانە. 

سەبارەت بە هێرشە موشەكییەكەشە، سەركردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردبوەوە، 21 موشەك نراون بە ناوچەی سەوزەوە و لەلایەن میلیشیاكانی سەربە ئێرانەوە ئەنجام دراوە، زیانی مادی بەر ژمارەیەك بارەگا لە كۆمەڵگەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا كەوتوە و زیانی گیانی بەدواوە نەبووە. 

عێراقیش لە بەیاننامەیەكی سەربازیدا ئەوەی ئاشكرا كردوە، 8 موشەك نراون بە ناوچەی سەوزەوە و زۆرینەیان لەنزیك تەلار و ناوچە چۆڵەكان كەوتونەتە خوارەوە و سەربازێكی عێراقی بریندار بووە. 

گرژییەكان بەرەو زیادبوون دەچن و لەكۆتا پێشهاتیشدا ژێردەریاییەكی ئەتۆمی ئەمەریكی بە 154 موشەكی جۆری “كروز”ەوە گەروی هورمزی بڕی هەروەها دوو فڕۆكەی جۆری B52 بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕانەوە و سوپای ئەمەریكاش جەختیكردەوە، ئامادەن بۆ هەر بژاردەیەك “ئێران و بەكرێگیراوەكانی” هەڵیدەبژێرن.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com