(نوچەنێت)
جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لەمەودوا كاری ھاوپەیمانان لە ھەرێمی كوردستان دەبێتە راوێژكاریی.
قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی پارتی راگەیاندووە، لەمەودوا كاری ھاوپەیمانان لە راھێنانەوە بۆ راوێژكاری دەگۆڕدرێت، چونكە ژمارەیەكی زۆری راھێنەریان پێگەیاندووە و ئیتر ئەوان راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە دەكەن و بۆ ساڵی داهاتووش بەرنامەیەكی نوێ بۆ مەشقكردن بە پێشمەرگە دانراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەرنامەیەكمان داناوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دەست بە مەشق و راھێنان بكەینەوە و تەنھا ماوە دەستپێبكەین، چونكە ساڵانە بەرنامەی تازەمان بۆ مەشق و راھێنان هەیە”.
پێشتر، ماڵپەڕێکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە فەرمی داوای لە ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی هێزەکانی پەکەکە بۆ رۆژئاوای کوردستان سوپای هاوپەیمانان لە سنووری فیشخابوور جێگیربکرێت.
دوای سەرهەڵدانی داعش لە چەند ساڵی رابردوودا، بەشێک لە وڵاتان بڕیاریاندا هاوکاری هەرێم و عیراق بکەن لە چەند لایەنێکەوە، یەکێک لەلایەنەکانیش راهێنانکردن و راوێژکردن بوو، بەڵام ئێستا دوای تێپەڕینی چەند ساڵێک بڕیاردراوە تەنیا لە رووی راوێژکارییەوە هاوکاری هەرێمبن.