(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
ماڵپەری (نوچەنێت) ئاشكرای دەكات كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی كانوونی یەكەمی 2020، (پڕۆژەی بەهەرێمكردنی كەركووك) لەلایەن ژمارەیەك رۆشنییر و چالاكوان و كەسانی ئەكادیمیی “كەركوكی”ی رادەگەینرێ و تیایدا پێویستی بوونی كەركووك بە هەرێمی سەربەخۆ رووندەكەنەوە.
ئەندامێكی دەستەی باڵای ئەو پڕۆژەیە لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (نوچەنێت)ی ووت “پڕۆژەكەمان بۆ كەركووكییەكانەو بەپێی دەستووری عێراقیش مامەڵەمان لەگەڵ ئەو پڕِۆژەیەدا كردووە …”
مامۆستا هیوا حەسەن ئەندامی دەستەی باڵای ئەو پڕۆژەیە ووردەكاری دەستپێكی پڕۆژەكەیان بۆ (نوچەنێت) ئاشكرا دەكات و دەڵێ “لەمانگی 7ی ئەمساڵەوە كۆمەڵێك رۆشنبیر و سیاسیی و ئەكادیمیی و مامۆستا و پارێزەو و چالاكوان، بەگشتی لە هەموو توێژو پێكهاتەكان كورد و توركمان و عەرەب و ئەوانی تر ، پێشنیارمان بۆ پڕۆژەیەك كرد بۆ بەهەرێمكردنی كەركووك، ئەوەبوو كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا دوای ئەوەش بەردەوام كارمان لەسەر دەوڵەمەند كردنی ئەو پرۆژەیە دەكرد و دواجار پرۆژەی بەهەرێمكردنی شاری كەركوكمان ئامادەكرد كە بەپێی مادەەكانی دەستووری عێراق بە ژمارە 116 و 117 و 119 و 120 و121 داوای بەهەرێمكردنی شاری كەركووك دەكەین”.
ناوبراو ئەوە رەتدەكاتەوە كە دەستەكەیان بۆ ئەو پڕۆژەیە، پرس و رای بەهیچ حزب و لایەنێكی سیاسیی لە عێراق و كوردستان كردبێت و دەڵێ “نەخێر پرس و رامان بەهیچ لایەنێكی سیاسی نەكردووە، چ لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و چ عێراقیەكانیش، چونكە ئێمە دەستەیەكی سەربەخۆین، لەوانەیە كادری حزبمان لەلا هەبێ و لەوانەیە ئەندام و لایەنگری حزبەكانمان لابێ، بەڵام وەك ئەوەی پرس بە حزبە سیاسییەكان بكرێت، نەخێر، چونكە ئێمە خۆمان هەڵقووڵاوی ناو شاری كەركووكین”.
مامۆستا هیوا ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەوان كەركوكێكیان دەوێ بەپێی دەستووری عێراق بێت “ئێمە دەمانەوێ كەركووكێك بێ، بەپێی دەستووری عێراقی بێ، دەستوور چ چارەسەرێكی بۆ كەركووك داناوە، ئێمەش ئەوەمان دەوێ ، دیارە بەپێی دەستووری عێراقیش بۆ كەركووك مادەی 140 هەیە، لەناو ئەو مادەیەشدا باس لە راپرسی دەكرێت، ئێمەش لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی ناو دەستوورین بۆ كەركووك”.
ناوبراو بەدووری نابینێ كە هەریەك لە حكوومەتی ناوەندی عێراق و حكوومەتی هەرێم و حزبەكانیش كێشەو ئاستەنگیان بۆ دروست بكەن، بەڵام دەشڵێ “ئەم چارسەرە بۆ دۆخی ئێستای كەركووك بەباشترین چارەسەر دەزانین، چونكە ئێمە وەك دەستەكەمان ئەزموونمان هەیە، چونكە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا ئەو دەسەڵاتانەی لەكەركووك هەبووە، نەیانتوانیوە تەندروست بن و هەموو نەتەوەو پێكهاتەكان وەك یەك سەیر بكەن و هەمیشە جیاكاریی و جیاوازییان لەنێواندا كردوون، لەبەرانبەریشدا ئاژاوە و فیتنەو دووبەرەكیان لەنێوان ئەو پێكهاتانە ناوەتەوە”.
سەبارەت بە ووردەكاری زیاتر ناو پڕۆژەكەیان ئەو ئەندامەی دەستەی باڵای پڕۆژەی بەهەرێمكردنی كەركووك وتی “لەپڕۆژەكەماندا ئاماژە بەلایەنە ئابووری و جوگرافیی و سیاسیەكەی كەركووك كراوە ، لەتەواوی ئەوانەدا خۆمان پابەند كردووە بە دەستووری عێراق، بۆ ئەوەی لە بەغدا تەگەرەو گرفتمان بۆ دروست نەكرێت، دیارە بەپێی دەستووریش لایەنە ئابووری ئەو شارە بەتایبەتیش لە بواری نەوت دیاری كراوە كە سەرچاوەیەكی سەرەكی ئەو شارەیە”.
ئەوەش ئاشكرا دەكات كە “ئێمە دوو پڕۆژەمان هەیە، یەكەمیان بۆ بەهەرێمكردنەو دووەمیشیان تایبەتە بە قۆناغی گواستنەوەی كەركووك بۆ هەرێمێكی سەربەخۆ، لەو پرۆژەی دووەمیاندا ئاماژە بە ئیدارەدانی ئەو شارە كراوە كە تا هەڵبژاردن بەرێوەدەچێ و پەرلەمانێك بۆ كەركووك دادەنرێت و دەستووری تایبەتی خۆی دەبێت، ئیدارەی ئێستای كەركووك بەردەوام دەبێت لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئەو شارە”.
ناوبراو پێیوایە بۆ قۆناغی ئێستای كەركووك ئەو پڕۆژەی ئەوان باشترین چارەسەرە و شەقامی كەركووكیش ئەو پڕۆژەیەیان پێباشە “پێمان وایە ئەو پرۆژەیەمان باشتریش چارەسەرە بۆ دۆخی كەركووك و چارەسەركردنی كێشەو گرفتە جیاجیاكانی و شەقامی كەركوكیش بەشێوە گشتییەكەی و بەهەموو پێكهاتەكانییەوە ئەو پڕۆژەیەیان پێباشە، ئێمە لەناو كەركووین و ئاگاداری ووردەكارییەكانی ژیان و كێشەكانی ئێرەین، خەڵكی كەركووك هەرێمی سەربەخۆی دەوێ، چونكە هەست دەكات تەنها بەهەرێمبوونی شارەكەیان لەو كێشەو گرفتانە دەربازیان دەكات”.
لەكۆتاییشدا مامۆستا هیوا حەسەن، پەیامێك بۆ حزب و لایەنە سیاسییەكان دەنێرێت “پەیاممان بۆ تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و بەتایبەتیش یەكێتیی و پارتی ئەوەیە كە هیوادارین ئاستەنگ و رێگرییمان بۆ دروست نەكەن، چونكە كەركووك ئەجێندای ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی هەیە، ئەو پڕۆژەیەی ئێمە بۆ ئەوەیە كە ئەو ئەجێندایە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە دەرەكیانە لەناو كەركووك دوور خەینەوەو كەركووكییەكان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووس و دوارۆژی خۆیان بدەن، بۆیە داوادەكەین لە حزبەكان بەتایبەتیش یەكێتیی و پارتی لەشاری كەركووك هاوكارمان بن بۆ ئەوەی هیچ نەبێ لە قۆناغەدا ئەو دەستانە نەهێڵین كە یاری بە چارەنووسی شاری كەركووكەوە دەكات. چونكە ئێمە دەمانەوێ كەركووكیانی بژین و دوور لە ئەجێندای هیچ لایەنێكی سیاسیی و دەرەكی، بیربكەینەوە”.
دوای راگەیاندنی ئەو پرۆژەیەیان بڕیارە دەستەی ناوبراو دەقی ئەو پڕۆژەیە پێشكەشی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە كەركووك بكەن، وەك خۆیان دەڵێن “بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن بەپێی دەستوور”.