نوچه‌نێت
دوو ساڵه توركیا به‌ڵێنى به عێراق داوه پێنج ملیار دۆلارى به قه‌رز پێبدات له‌پێناو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق، كه‌چى تا ئێستا به‌ڵێنه‌كه‌ى به‌جێ نه‌گه‌یاندووه و مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق جارێكى تر دووپاتى ده‌كاته‌وه كه توركیا ئه‌و پاره‌یه ده‌دات.
كۆنگره‌ى كوێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق له شوباتى 2018 به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌و كات حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیران بوو. هه‌رچه‌نده ئه‌و كات ئومێدێكى زۆر به كۆنگره‌كه هه‌بوو به‌ڵام ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆى نه‌بوو.
یه‌كێك له‌وانه‌ى كه گه‌وره‌ترین به‌ڵێنى دارایى به عێراق دا توركیا بوو، كه له كۆنگره‌كه رایگه‌یاند بڕى پێنج ملیار دۆلار به عێراق ده‌دات. كه‌چى خه‌ریكه دوو ساڵ تێده‌چه‌ڕێت كه‌چى ئه‌و پاره‌یه به عێراق نه‌دراوه. هه‌ر ئه‌و كات شاره‌زایان گومانیان له‌وه كرد توركیا به‌ڵێنه‌كه‌ى بباته سه‌ر.
رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو كاتێك كازمى سه‌ردانى توركیا كرد، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا به‌ڵێنى پێداوه ئه‌و پاره‌یه به عێراق بدات كه پێشتر به‌ڵێنى پێداوه.
له دوایین لێدوانى مسته‌فا كازمى شانازى به‌وه ده‌كات كه توركیا رازى كردووه و له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ده‌ڵێ، “پێنج ملیار دۆلارمان ده‌ستكه‌وت كه‌چى له عێراق یاخه‌ى من بووه‌ته بابه‌ت و ده‌ڵێن سه‌رۆكى توركیا یاخى سه‌رۆك وه‌زیرانى چاك كردووه، به‌ڵى ئه‌و هاوڕێى منه یاخى منى چاككردووه، پێنج ملیاره‌كه گرنگتره یان ئه‌و بابه‌ته”.