(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات باج لەسەر خۆراك و كاڵا كەمبكاتەوە، تا نرخ لەسەر هاووڵاتیان زیاد نەكرێت و هاوڵاتیانی كوردستان زەرەرمەندی بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار نەبن، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ (22 ی كانوونی یەكەمی 2020) لیژنەی ناوبراو كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجام داو پرسی دابەزاندنی نرخی دیناری تاوتوێكرد، ئەوەشی بە گرنگ زانی كە كۆنترۆڵی بازاڕ بكرێت بۆ بەرزنەكردنەوەی نرخی خۆراك و كاڵاكان.
لەلێدوانێكی تایبەتدا، زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمان بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “كۆبوونەوەكەمان تایبەت بە بە دابەزینی نرخی دینار و كاریگەری و لێكەوتەكانی و بۆ ئەم مەبەستەش كۆمەڵێك تێبینی و سەرەنج و داواكاری لە كۆبوونەوەكە گەڵاڵە كران كە ئاڕاستەی حكوومەتی هەرێم بكرێن”.
ناوبراو لە باسكردنی گرنگترین ئەو خاڵانەی كە گەڵاڵەیان كردوون وتی “پێویستە حكوومەت باج لەسەر پێداویستییەكانی خەڵك كەمبكاتەوە، بەتایبەتیش خۆراك و دەرمان، هەروەها لەبارەی سووتەمەنیش كە لە بازاڕدا هەیە حكوومەت پلانی هەبێت بۆ ئەوەی نرخیان بەرزنەكرێتەوە، جگە لەوەش وەزارەتی بازرگانی كۆنتڕۆڵی تەواوی بازاڕ بكات بۆ ئەوەی بازاڕ نەقۆزرێتەوە گرانی لە نرخەكان دروست بكرێ”.
سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمان ئاماژەی بەوەشدا كە لیژنەكەیان داواكاریان لەچەند وەزارەتێكی دیكەی حكوومەتیش هەیە، وەك خۆی وتی “پێویستە هەریەك لە وەزارتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و شارەوانی و گەشتوگوزار بۆمان روونبكەنەوە كە پلانی داهاتوویان چیە و ئایا خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ دابەزینی نرخی دینار”.
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەكەی پەرلەمان دوو خاڵی بەگرنگ زانی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ئەنجامیان بدا و وتی “گرنگە لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی بەرنامە چاكسازییەكەیدا كار لەسەر پشتبەستن بەبەرهەمی خۆماڵی بكات و دووەمیشیان گرنگە لەگەڵ حكوومەتی ناوەند بگەنە رێككەوتن بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2021 پارێزراو بێت”.
بەپێی قسەكانی زیاد جەبار، لیژنەكەیان پێیوابوو كه لە بڕیارەكەی بانكی ناوهندی عێراقدا رەچاوی چینی هەژاران نەكراوەو بههۆی ئهو بڕیارهوه زیانیان بەردەكەوێت، بۆیە لیژنەكهیان پێشنیازی ئهوه دەكات لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی داهاتی حكومەت خۆی دەگونجێنێت بۆ پێدانی مووچەی مانگانەو گرانبوونی بازاڕ دەبێ بیر لەپێداچوونەوە بەسیستەمی وەرگرتنی باج بكرێت، بەشێوەیەك له رێگەی كەمكردنەوەی باج و هاوسەنگی بازاڕ رابگیرێت تاوەكو چینی هەژارانیش توانای بازاڕكردنیان هەبێت.
ههر لهكۆبوونهوهكەی ئەمڕۆی ئەو لیژنە پەرلەمانییەدا، پاڵپشتیی بۆ گفتوگۆكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایهتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبەغدا دووپات كراوەتەوە، بۆ بەدەستهێنان و چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان لەپڕِۆژە بودجەی ساڵی 2021و یاسای قەرز.