(نوچەنێت)
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات رایگەیاند، ئەوەی لە شارۆچكەی (عەین عیسیا) روودەدات، هەوڵدانێكی رووسیاو رژێمی سووریایە بۆ ئەوەی ئێمە ناچار بكەن ئەو شارۆچەكەیەیان رادەست بكەین.
لەمبارەیەوە ریاز درار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكۆات كە (باڵی سیاسی هێزەكانی سووریای دیموكرات)ە، رایەگەیاند هەردوو لایەنی رووسی و سووری هەوڵی ناچاركردنی ئێمە دەدەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارۆچكەی (عەین عیسا)،ِ بۆئەوەی دواجار ئەو شارۆچكەیەو تەواوی سنوورەكەی رادەستی رژێمی سووری بكەنەوە.
ناوبراو ئەوە ناشارێتەوە كە ئەو هەوڵە دوولایەنەی رووسیا و سووریا بە هاوكاری توركیا و هێزە پاڵپشتیكارەكانی، “ئاشكرا و روونە” كە دەیانەوێ ئەو ناوچەیە رادەستی رژێمی سووری بكرێتەوە. ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ماوەیەكە گفتوگۆی بەردەوام و چڕ لەنێوان رووسییەكان و سوریا بەردەوامە لەسەر ئەم بابەتە. دەشڵێ “بەهیچ شێوەیەك رێگە بە سەرگرتنی ئەو هەوڵانەیان نادەین و هێزەكانی سووریا دیموكراتیش (هەسەدە) بۆ ئەم مەبەستە لە ئامادەباشیدایەو نایەڵی لەوە زیاتر ئەو لایەنانە سنوورەكان ببەزێنن، كە پێشتر لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی رێككەوتنی لەسەر كراوە”.
هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سووریای دیموكرات، ئەوەش رووندەكاتەوە كە رووسیا سەرقاڵییەكانی ئێستای ئیدارەی ئەمەریكی لەبارەی گواستنەوەی دەسەڵات لە ترامپەوە بۆ بایدن، بە دەرفەت زانیوە و هەست دەكات كە ئەمەریكا لەوكاتەدا بۆشایی لەو ناوچەیە دروستكردووە، بۆیە ئەو هەوڵانەی خستۆتەگەڕ”.
لەلایەكی دیكەش رەتكردنەوەیەكی جەماوەری بەرفراوان لە تەواوی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی چەمی فوڕات لەئارادایە كە نایانەوێ بەهیچ شێوەیەك رژێمی سووریا بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، یاخود هیچ دەستەو گروپیك لەژێرناوی ئۆپۆزسیۆنی سووری بوونیان لەو ناوچانەدا هەبێ. چونكە دەڵێن “لەئەگەر گەڕانەوەی رژێمی سووریا، ئەوا كۆچی بەكۆمەڵی خەڵكەكەی لەو ناوچانە دەستپێدەكات و بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانەش بەرەو ئەوپەڕی خراپی دەچێت”.