نوچه‌نێت
رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى له راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه، نیمچه رێككه‌وتنێك له‌لایه‌ن ته‌واوى لایه‌نه سیاسییه‌كان كراوه بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته بۆ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى 2021 دوا بخرێت.
محه‌مه‌د شاكر په‌رله‌مانتارى كورد له فراكسیۆنى پارتى، زانیاری به رۆژنامه‌كه داوه كه “نیمچه رێككه‌وتنێك” له‌نێوان لایه‌نه‌كانى عێراق هه‌یه بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته دوابخرێت و له 30ى تشرینى یه‌كه‌مى 2021 بكرێت.
سه‌باره‌ت به‌هۆكاره‌كه‌یش ده‌ڵێ، دوو هۆكارى سه‌ره‌كى هه‌یه یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه مانگى حوزه‌یران به‌هۆى گه‌رمییه‌كه‌ى كه‌شێكى له‌بارى بۆ هه‌ڵبژاردن نییه. دووه‌میان په‌یوه‌ندى به ئاماده‌كارییه‌كان هه‌یه كۆمسیۆن بێوه‌چان كار ده‌كات به‌ڵام ناتوانێ له‌و ماوه‌یه‌دا ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واو بكات.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره روونى ده‌كاته‌وه، واده‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته له‌لایه‌ن سه‌رۆكى حكوومه‌ته‌وه دیاركراوه و سه‌رۆك كۆمار په‌سندى كردووه، به‌ڵام په‌رله‌مانیش به زۆرینه‌ى ده‌نگ ده‌توانێ هه‌ڵبژاردن دوا بخات.
له كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى محه‌مه‌د شاكر روونكردنه‌وه‌ى ئه‌وه ده‌دات، تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته قسه له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌كراوه.
ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید نووسیویه‌تى، دواخستنى هه‌ڵبژاردن تا ئێستا نزیكترین بژارده‌ی لایه‌نه‌كانى عێراقه.