(نوچەنێت)
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەپەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە، پڕۆژەی گوستنەوەی موچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ سەر بەغدا مرد.
حاکم شێخ لەتیف لەهەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی “پڕۆژەی گواستنەوەی موچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی ھەرێم بۆ سەر بەغدا مرد، دوای ئەوەی حکومەت پڕۆژەی بودجەی 2021ی پەسەندکرد.
پەرلەمان دەسەڵاتی زیادکردنی ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ ئەو بڕە پارەیەی حکومەت کەلە پرۆژەی بودجەدا بڕیاری لەسەر داوە، نییە، تەنھا دەتوانێت بڕەکان کەم بکاتەوە یان لە بەشێکەوە بۆ بەشێکی تر بیگوێزێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “زیادکردنی ھەر بڕە پارەیەک بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە بودجەی عێراقدا دەبێ لەرێگای حکومەتەوە بێت یان بەرەزامەندی ئەو بێت، بۆیە دەبوایە ئەو پەرلەمانتارانەی کاریان لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکرد، بچونایە پێش دەنگدان لەسەر پرۆژەی بودجە حکومەتیان قەناعەت پێ بکردایە کە لەپرۆژەی بودجە جێی بکاتەوە”.
بەوتەی حاکم شێخ لەتیف، ئەگەر لایەنگرانی ئەو پرۆژەیە بیانەوێ کاری لەسەر بکەن، دەبێ پرۆژەکە کە گەیشتە پەرلەمان ھەوڵی گێرانەوەی بدەن بۆ حکومەت بۆ ئەوەی ئەگەر بکرێت بابەتی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بۆ زیاد بکرێت “چونکە ئەگەر پەرلەمان بە تێکڕای دەنگیش دەنگی لەسەر بدات بێ رەزامەندی حکومەت، یاساکە نادستوریە و حکومەت دەتوانێت پێوەی پابەند نەبێ و بچێت لەدادگای دەستوری ھەڵیبوەشێنێتەوە”.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمشەو پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی پەسەندکرد، دوای سێ رۆژ کۆبوونەوەی بەردەوام.
لەلایەكی دیكەوە، فەرهاد عەلادین، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری عێراق لە تویتەری خۆیدا نوسیویەتی، بڕی کورتهێنانی دارایی لە پڕۆژەیاساکەدا دەگاتە 63 ترلیۆن دینار.
دەشڵێت، “لابردنی دەرماڵەکان ڕەتکراوەتەوە و لەبری ئەوەش بڕیاریدا دراوە باج بەشێوەیەکی ڕێژەیی بخرێنە سەر موچەکان، بە جۆرێک ڕیژەی ئەو باجەی کە دەخرێتە سەر موچەی سێ سەرۆکایەتییەکان لە 8% دەستپێدەکات تاوەکو 40%.”
باسی لەوەشکردووە، “پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە لە بودجەکەدا هەیە لە هەرە گەورەترین ئەو ئاستەنگییانەی کە دووچاری پەرلەمان دەبێتەوە.”