(نوچەنێت)
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، دوای ماوەی چەند مانگێك لە بێدەنگی، بەبلاوكردنەوەی ووتارێك بێدەنگی دەشكێنێ و، دەڵێ، “سەرباری ئەوەی خەڵك ئەزانن عێراق ئازاد بووە بەڵام هێشتا دینارەكەی وەك ئەو كاتە وایە كە پەیوەست بوو بە جونەی ئیستەرلینی بەریتانییەوە و پەیوەست نییە بە بەرهەم و خزمەتگوزارییەكانی وڵاتەوە بەڵکو دیلی دۆلارە.
عەبدولمەهدی لە وتارێكی درێژدا دوێنێ دووشەممە (21 كانونی یەكەمی 2020) بڵاویكردەوە، باس لەوە دەكات یەدەگی عێراق سەرەتای 2020 نزیكەی 67 ملیار دۆلار بووە، بەمەش عێراق سێیەم وڵاتی عەرەبی بووە، هەروەها 96.3 تۆن زێڕی هەبووە كە ئەكاتە پێنجەم وڵاتی عەرەبی و سیی و پێنجەمی جیهانی، بەپێی هاوكێشەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش نابێ ئەو یەدەگە لەبەهای هاوردەی شەش مانگی وڵات كەمتر بێت.
عادل عەبدولمەهدی باس لەوەش دەكات چەند شتێك لە عێراق توانای بەرهەمهێنانیان كوشتووە؛ شەڕەكان، گەمارۆكان، بەرخۆری و سیاسەتی هەڵە.
عەبدولمەهدی لەوتارەكەیدا بەشێوەی راستەوخۆ هیچ ئاماژەیەكی بە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار نەكردووە بۆ 145 هەزار بەڵكو هەندێ پێشنیاری گشتی دەخاتەڕوو بۆ باشتركردنی ئابووری عێراق كە پەیوەندی بە توانای بەرهەمهێنان و خۆ قوتاركردن لە هاوردەكردنەوە هەیە بەتایبەت لەشمەكی بەكاربردن.