نوچه‌نێت
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى عێراقى ئاشكرایان كردووه، لایه‌نه شیعه‌كان له‌ناو په‌رله‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێنج وه‌زیرى حكوومه‌تى كازمى به تۆمه‌تى كه‌مته‌رخه‌مى و خراپى كارگێرى به كه‌سانى تر بگۆڕن.
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردووه، سه‌رچاوه سیاسییه‌كان له‌ناو لایه‌نه شیعه‌كان گوتوویانه تا ئێستا دواخستنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته نزیكترین بژارده‌یه و بۆیه له‌برى ئه‌وه لایه‌نه شیعه‌كان بیر له گۆڕانكاریى له حكوومه‌تى مسته‌فا كازمى ده‌كه‌نه‌وه.
گۆڕانكارییه‌كه‌یش پێنج وه‌زیر ده‌گرێته‌وه كه ئه‌مانه‌ن: عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى دارایى، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وت، ماجد حه‌نتووش وه‌زیرى كاره‌با، عه‌لا جبوورى وه‌زیرى بازرگانى، مه‌نهه‌ل خه‌باز وه‌زیرى پیشه‌سازى.
سه‌رچاوه‌كان روونیان كردووه‌ته‌وه، سه‌ره‌تا ئه‌و وه‌زیرانه بانگهێشتى په‌رله‌مان ده‌كرێت و دواتریش متمانه‌یان لێوه‌رده‌گرنه‌وه. سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش كراوه هه‌ر وه‌زیرێكى لادراو كه‌سێكى تر‌ى له هه‌مان حزب دابنرێت.