(نوچەنێت)
ناوەندی ‘فەتوای ئەزهەر’ راگەیاند ئەندامبوون لە رێکخراوی ‘ئیخوان موسلمین’ حەرامە، لە کاتێکدا حکومەتی میسر، ئەو گرووپەی بە ‘گرووپێکی تیرۆریستی’ ناساندووە.
لە فەتوایەکی نووسراودا، ‘ناوەندی ئەزهەری جیهانی بۆ فەتوای ئەلیکترۆنی’، ئاشکرایکرد ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوەکان حەرامە، رۆژنامەی ‘شەرق ئەلئەوسەت’، دەڵێ فەتواکەی ئەزهەر، گرووپی ‘کۆمەڵەی ئیخوان’ موسلمین و گرووپەکانی دیکەش دەگرێتەوە، کە فەتواکە تێیدا هاتووە، چوونە پاڵ ئەو گرووپانە و ئەندامبوون تێیاندا ‘لەرووی شەرعەوە حەرامە’.
میدیاکانی میسر بەبایەخەوە هەڵوەستەیان لەسەر فەتواکەی ئەزهەر کردووە، کە لەمیانی وەڵامدانەوەی رۆژنامەیەکی میسریدا بەناوی ‘وەتەن’ سەنتەرەکە ئەندامبوونی لە گرووپی ‘ئیخوان موسلمین’، بەحەرام داناوە.
فەتواکەی ئەزهەر تێیدا هاتووە “خوای گەورە رێنوێنی بەندەکانی کردووە بەڕێگەی راست، فەرمانی پێداون لە دوورکەوتنەوە لە رێگەیەک کە خەڵک لە شوێنکەوتنی حەق، دووردەخاتەوە”.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2014ەوە، حکومەتی میسر، گرووپی ئیخوان موسلمینی بە ‘کۆمەڵەیەکی تیرۆریستی’ ناساندووە، حکومەتی ئەو وڵاتە دەیان ئەندامی ئەو رێکخراوە دادگاییدەکات، بەتۆمەتی پەیوەستە بەهاندان و ئەنجامدانی کاری توندوتیژی. ئەمە دوای ئەوەی محەمەد مورسی، سەرکردەی ئیخوان موسلمین، لە سەرۆکایەتی وڵات لێخرا.
فەتواکەی ئەزهەر، دوای هەڵوێستی ‘دەستەی گەورە زانایانی سعودیە’ هات، کە لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی رابردوودا، وایدانا کۆمەڵەی “ئیخوان موسلمین، گرووپێکی تیرۆریستییە و نوێنەرایەتی پەیڕەوی ئیسلام ناکات و بەشوێن ئامانجە حیزبییەکانی کەوتووە و دین بەکاردەهێنێت و ئەوە پەیڕەو دەکات، کە دەبێتە هۆی دووبەرەکی و نانەوەی فیتنە و تووندوتیژی و تیرۆر”، هۆشداریدا لە پەیوەندیکردن پێیەوە و سۆزداربوون لەگەڵیدا، ئەو هەڵویستەی دەستە سعودییەکە، لەلایەن ئەنجوومەنی فەتوای شەرعی ئیماراتیشەوە، پشتگیریکرا.
فەتواکەی ئەزهەر تێیدا هاتووە “بۆ هەمووان، بەگەورە و بچووکەوە روونە، ئەو گرووپانە دەقەکانیان شێواندووە و بەشبەشیان کردووە، بەکاریانهێناوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان و ویستە کەسییەکان و بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی.. لەرێگەی چاندنی تۆوی فیتنە و ناکۆکی نانەوە لە نێوان ئەندامانی یەک نیشتماندا، نەک هەرئەوە بەڵکو لەنێو هەموو مرۆڤایەتیدا، هەروەها کۆمەڵگەکانیان بە کوفر و ناوی دیکە ناوناوە”.
زیاتر دەڵێ: “چوونە پاڵ ئەو گرووپانە حەرامە، بەپشتبەستن بەو بەڵگانەی خرانە روو، چوونە پاڵ ئەو گرووپە تووندڕەوانە لەرووی شەرعەوە حەرام دەکرێت”.
خالید جندی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ئیسلامیی میسر، گوتی “جیهانی ئیسلامی دەمێک بوو چاوەڕێی فەتواکەی ئەزهەری دەکرد. ئەوە یەکەمجارە ئەزهەر بە ئاشکرا، چوونە پاڵ گرووپە تووندڕەوەکان حەرام دەکات.