(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە گرتنەبەر ریًَكاری نوێی تەندروستی كرد، بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی ڤایرۆسێكی نوێ، بەتایبەتیش كە لە وڵاتی بەریتانیا سەری هەڵداوە.
لەمبارەیەوە د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (نوچەنێت) ڕێکاری نوێی وەزارەتەکەی بۆ بەرگرتن بەو ڤایرۆسە نوێیەی ئاشكرا كرد، کە لە وڵاتی بەریتانیا سەری هەڵداوە و دەڵێ “هەروەك چۆن پێشتر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە وڵاتی چین، ئێمە لە هەرێمی كوردستان پلانمان دادەنا بۆ رووبەڕوو بونەوەی ئەو ڤایرۆسە، ئێستاش بەهەمان شێوە، چونكە دەبینین لە ئێستادا زۆربەی وڵاتان هاتووچۆیان لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا هەڵپەساردووە، چونكە وەزیری تەندروستی بەریتانیا خۆی باسی بوونی ئەو ڤایرۆسە نوێیەی لە وڵاتەكەی كردووە، هەرچەندە كێشەش كەوتۆتە نێو زانایانی ئەو وڵاتەش كە هەندێكیان دەڵێن هەمان ڤایرۆسی كۆڕۆنایە. بۆیە تا ئێستا لەلایەن رێكخراوەی تەندروستی جیهانیش بوونی ئەو ڤایرۆسە نوێیە، پشتڕاست نەكراوەتەوە”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی دووپات كردەوە كە بوونی ئەو ڤایرۆسە نوێیە تا ئێستاش بە (ئەگەر) باسی دەكرێ ، بۆیە دەڵێ”ئێمەش وەك وەزارەتی تەندروستی ئەو راگەیەنراوەمان بڵاوكردۆتەوە نووسیومانە لە ئەگەری، گەر هەست بكەین هەر حاڵەتێكی گوماناوی هەبێت لیژنەی پزیشكی راوێژكاریمان هەیە لە وەزارەت لە بوونی حاڵەتی گوماناوی لە سنوورەكان و فڕۆكەخانەكان”.
لەبارەی رێكارە تەندروستییەكانیش بۆ ئەو حاڵەتە نوێیە، ناوبراو وتی “ئەگەر گومان لە هەرحاڵەتێك هەبێت، بەتایبەتیش ئەگەر بزانرێ حاڵەتەكانی جیاوازترن لەو حاڵەتانەی كە كۆڕۆنا هەیەتی ئەوەش لەرێی لیژنەی پزیشكی تایبەتەوە ئەو بابەتە تاووتوێ دەكرێ بەتایبەتیش بۆ ئەو كەسانەی كە لە وڵاتی بەریتاینا گەڕابێتەوە هەرێمی كوردستان”.
ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی کانونی یەکەمی 2020 وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی بڵاوكردۆتەوە كە وەزارەتەكەیان یەکەمین قۆناغی ڕێکاری تەندروستی دەست پێدەکات بۆ ئەگەری ڤایرۆسێکی نوێ کە لە وڵاتی بەریتانیا سەریهەڵداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە “وەکو دەستپێک چاودێری تەندروستی هەر کەسێک دەکرێت کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە وڵاتی بەریتانیا بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان”.
چەند رۆژێك لەمەوبەر وڵاتی بەریتانیا رایگەیاند كە ڤایرۆسێكی نوێ لە كۆڕۆنا سەریهەڵداوەو بۆ ئەم مەبەستەش مات هانكوك وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتەش بەفەرمی ئەوەی پشتڕاست كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە كەرەنتینە وەك باشترین چارەسەر لەوڵات ئەنجام بدرێت بۆ ئەو دۆخە نوێیەی لەوڵاتی بەریتانیا سەریهەڵداوە.
لایخۆشییەوە بۆریس جۆنسۆن دوێنێ یەكشەممە ئەوەی راگەیاند كە بارودۆخی وڵاتەكەی لە دەست دەرچووە بەهۆی ئەو ڤایرۆسە نوێیەوە، هەریەك لە وڵاتانی (هۆلەندا وبەلجیكا و كوێت و ئیسبانیا و فەرنسا وئەڵمانیا وئیتالیا و ئیرلەندا)ش گەشتەكانیان بۆ ئەو ووڵاتە بەشێوەیەكی كاتی هەڵپەسارد.