(نوچەنێت)
باڵیۆزی عێراق لەتورکیا ئاشکرای کرد، قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانی نێوان بەغدا و ئەنکەرە 16 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، دەشڵێت، زیاتر لە 750 کۆمپانیای تورکی لەعێراقدا کاردەکەن.
حەسەن جەنابی باڵیۆزی عێراق لەئەنکەرە دوێنێ یەكشەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2020 لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسببوك نوسیویەتی، یەکێک لەدەستکەوتەکانی سەردانەکەی شاندی حکومەتی عێراق بۆ ئەنکەرە ڕێککەوتن بوو لەکارکردنەوە بەڕێککەوتنی ساڵی 2009 کە بۆ سەردانیکردنی هاوڵاتیانی نێوان هەردوو وڵات ڤیزا هەڵگیراوە.
جەنابی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ساڵانە تورکیا پێشوازی لە ملیۆنێک و 300 هەزار گەشتیاری عێراقی دەکات و قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتیش 16 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
باڵیۆزی عێراق لەئەنکەرە ڕونیشی کردەوە، دەیان هەزار خوێندکاری عێراق لەقوتابخانەکانی تورکیادان و هەموو ئەوانەش سوودمەند دەبن بەگەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی 2009 کە ڤیزا هەڵوەشێنراوەتەوە.
جەنابی دەشڵێت “بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکەی نێوان شاندی عێراق و حکومەتی تورکیا بەتایبەت لەسەر کاروباری فڕۆکەخانەکان و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لەمانگی کانوونی دووەمی داهاتوودا کۆبونەوەیەک دەکەن و کار بۆ ئەوە دەکەن لەنزیکترین ماوەدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.”