بەرزبوونەی بەهای دۆلار تەنها پەیوەست نییە بە هۆکارگەلێکی ئابوورییەوە!

0

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندام لە (لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان)، بۆ (نوچەنێت) بۆچوونی خۆی سەبارەت بە بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لە عێراقدا رووندەكاتەوە..
ئەمە دەقەكەیەتی :

لەگەڵ ئەوەی فاکتەرگەلێکی ئابووری بەهێز لە پشت گۆڕانکارییەکانی نرخی دۆلارە، لەپاڵ ئەوەشدا رووداو و پێشهاتەکان لە گۆرەپانی سیاسی عێراق سەلمێنەری ئەوەن کە ئەم گۆرانکارییە زیاتر بریارێکی سیاسییە و پێدەچێت لە دوو هۆکاری گرنگەوە سەرچاوەی گرتبێت :
یەکەم / لە قاڵبدانی شمەکی هاوردەکراوی ئێرانی و تورکی.
دووەم/ پەرەدان بە بەرهەمی خۆماڵی، کە بەشێکی گرنگە لە پرۆژەی (وەرەقەی سپی) کەوا تایبەتە بە پرۆسەی چاکسازی لە بواری دارایی و سیستەمی بەرێوەبردن لە عێراق و مستەفا کازمی خاوەندارییەتی دەکات.

بڕیارەکەی بانکی ناوەندی تاکلایەنە نەبووە !
پاڵپشت بە یاسای بانکی ناوەندی ژمارە 56 ی ساڵی 2004 ماددەی 3 ، بانکی ناوەندی بانکێکی سەربەخۆیە و دەسەڵاتی دیاریکردنی نرخی دۆلاری لە بازاردا هەیە. دادگای فیدراڵی وەک دادگایەکی سیادی تاکە لایەنە کە دەتوانێت بریارەکانی بانکی ناوەندی هەڵوەشێنیتەوە، بەڵام بەهۆی خانەنشین بوونی چەند ئەندامێکیەوە و پر نەکردنەوەی شوێنەکانیان بە ئەندامی نوێ دادگاکە کێشەی نیسابی یاسایی هەیە و ناتوانێت هیچ بریارێک بدات.
سەرەرای سەربەخۆیی بوونی بانکی ناوەندی بەڵام گۆرانکاری لە نرخی دۆلار بە راوێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بریاری لەسەر دراوە. هەر سەبارەت بەمەش وەزیری دارایی عێراق لە چەند رۆژی رابردوو رایگەیاند ئەمە بریارێکی تاکلایەنە نەبووە و بە ئاگاداری سەرکردە و هێزە سیاسییەکان بووە ! کەچی هەر لەگەل بە فەرمی راگەیاندنی نرخی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە راستەوخۆ چەند سەرکردەیەکی شیعە دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە کە بێشک ئەمەش کاریگەری دەبێت بۆ دووبارە جوڵانی شەقام و هەڵگیرسانەوەی خۆپیشاندانەکان لە عێراقدا !

بەرنامەی داهاتووی کازمی چی دەبێت؟
لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆک وەزیران مستەفا کازمی هەوڵیدا یەکەم هەنگاوی چاکسازیکردن لە خاڵە سنورییەکان بێت، سەرەرای ئەنجامدانی مانۆرێکی سیاسی و میدیایی بەهێز بەڵام نەیتوانی هیچ بەهەرمێکی کاریگەر لەو هەوڵانەی بەچنگ بهێنێت. پاش تێپەراندنی ئەو ئەزموونە بێ بەرهەمە پێدەچێت کازمی دەست بۆ کۆمەڵێک بژاردە ببات تا ئەوەی هێزە سیاسییەکان ناچار بکات پاڵپشتی لەو بڕیارانەی بکەن کە تایبەتە بە چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکان. چونکە لە دیدی کازمییەوە کارەساتێکی گەورەیە کاتێک بەلێشاو ناوی بندیوار و فرە مووچەیی هەبێت و هێزی سەربازی وەهمی بەناوی حشدی شەعبیەوە تۆمار کرابێت، بەڵام حکومەت لەبەر فشاری لایەنە سیاسییە شیعەکان نەتوانێت دەست بۆ چاکسازی و پاکسازیان ببات! کەچی بە یەک بریار نرخی دۆلار زیاد بکرێت کە کاریگەری لەسەر تەواوی دانیشتوانی وڵات دەبێت!
لەبەر رۆشنایی ئەم لێکدانەوەیە لە ئەگەری هەر کاردانەوەیەکی شەقام لەسەر ئەو بڕیارەی بانکی ناوەندی، حکومەتی ناوەند ناچار دەبێت پاشەکشە لەو بریارە بکات و تا دەگاتە بریاری هەڵوەشاندنەوەی…
هەنگاوی دواتری کازمی دەستبردن دەبێت بۆ کۆمەڵێک چاکسازی لە پرسی هەستیار دژ بە لایەنە شیعەکان و بەمەش ئامانجی خۆی دەپێکێت، کە بریتییە لە راکێشانی سۆزی شەقام و کۆکردنەوەی لایەنگری زیاتر بۆ پرۆژە چاکسازییەکەی کە کارتی سەرەکی کازمییە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

لیزا فەلەکەدین کاکەیی
ئەندام لە لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com