(نوچەنێت)
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی راپەڕین ڕایگەیاند، ماوەی زیاتر لەهەفتەیەکە هیچ توشبوویەکی کۆرۆنا لەسنورەکەدا تۆمارنەکراوە، دەشڵێت، هۆکارەکەی بۆ بەردەوامی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە و پابەندبوونی هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە.
لەراگەیەنراوێکدا كە دانەیەكی دەست (نوچەنێت) كەوتووە، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەڕین ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2020، ڕایگەیاند “ماوەی زیاتر لە هەشت رۆژە هیچ توشبوویەکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسنوری ئیدارەی راپەڕین تۆمارنەکراوە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژانە تیمەکانیان لە پشکنین و هەڵمەتی هۆشیاری هاووڵاتیان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی بڵابوونەوەی پەتاکە بۆ نزمترین ئاست.
بەگوێرەی ئامارەکان تائێستا دوو هەزار و 825 توشبووی کۆرۆنا لەسنوری ئیدارەی راپەڕین تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 229 توشبوویان گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەگشتی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان ئاماری ڕۆژانەی توشبوون بە کۆرۆنا دابەزیوە.
