وەزیری دارایی عێراق كاتى ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق ئاشكرادەكات

0

(نوچەنێت)
وەزیری دارایی عێڕاق ڕایگەیاند، ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە ڕێکەوتنەکەوە و پەرلەمانیش لە پرۆژە یاسای بودجە پەسەندی بکات ئەوا پشکی هەرێم دەنێرن، دەشڵێ “گۆڕانکاری لە نرخی دراو کەمتر زیان بە چینی هەژار دەگەیەنێت و بەم هەنگاوە دەیانەوێت پشتبەستن بە هاوردە کەمبکەنەوە”.
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس دوێنێ شەممە 19ی کانونی یەکەمی 2020، سەبارەت بە هەنگاوی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار و زیانەکانی لەسەر هاووڵاتیان بەتایبەتی چینی هەژار وتی “ئەم هەنگاوە کەمتر زیان بە چینی هەژارەکان دەگەیەنێت، ماوەیەکی زۆرە بەدەست زیانەکانی بەرزی دراوەوە دەناڵێنین و ببووە هۆی وەستانی ئابوریی.”
باسی لەوەشکرد، “هەروەها بەم هەنگاوەمان دەمانەوێت هاوردە کەمبکەینەوە و زیاتر پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستین، بازاڕەکانمان بەهۆی کاڵای هاوردەکراوەوە خنکابوون، هەنگاوەکانمان ئابوری عێڕاق بەرەو باشتر دەبات.”
وەزیری دارایی عێڕاق لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی ڕوونکردەوە، “هەنگاوی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار هەنگاوێکی چاکسازییە و هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێت، ئەگەر هەنگاو نەنێین ئەوا چەند مانگێکی تر یەدەگی عێڕاق کۆتایی دێت.”
هەرچی سەبارەت بە هەنگاوەکانە دەربارەی موچە وتی، بڕی موچە و دەرماڵەکان زۆرە و بودجە بەرگەی ناگرێت، دەرماڵەکان کراونەتە خشتە و کەمدەکرێنەوە، ئامانجیش لەم هەنگاوان دروستکردنی هاوسەنگییە.
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجە وتی، “پشکی هەرێم لە بودجە 12.67%ەو هەرێم بڕێک نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە دەکرێت و ئەوەشی خۆی هەناردەی دەکات لەپشکی هەرێم دەبڕدرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆی دەنێردرێت.”
ڕوونیشیکردوەوە، دوای ئەوەی پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە و چۆنێتی حسابکردنی پشکی هەرێمدا ئەوا جێبەجێدەکرێت، ئەوەشی ئاشکراکرد کە هەرێمی کوردستان 6 بۆ 7 دۆلار کەمتر لە عێڕاق نەوت دەفرۆشێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com