شلێر سەعید، نوچەنێت
بۆ یهكهم جار له كوردستان وهرگێڕێك به رۆمانێك گرهو لهگهڵ خوێنهرانى دهكات، بهوهى ئهگهر كتێبهكهیان بهدڵ نهبوو پارهكهیان بداتهوه. ئارام رهشیدى وهرگێڕ كه رۆمانی “ترس له مهرگ”ى بڵاوكردووهتهوه، له دیمانهیهكى كورتى نوچهنێت باس لهو گرهوه دهكات.
ڕۆمانی (ترس لە مەرگ) یەكەمین بەرهەمی نووسەری ئوسترالیایی (ستیڤ تۆڵتز)ە، كە لە ساڵی 2008 بڵاوبووەوە و لەهەمان ساڵدا پاڵێورا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی “مان بوكەر” و وەكو یەكێك لە سەركەوتووترین و گەورەترین رۆمانەكانی مێژووی ئەدەبیاتی ئوسترالیا ناوی دەهێنرێت و یەكێكە لە پڕفرۆشترین بەرهەمەكان بهگوێرهى نیویۆرك تایمز و ئەمازۆن.
رۆمانی (ترس لە مەرگ) لەلایەن وەرگێڕی كورد “ئارام ڕەشید” لە زمانی فارسییەوە كراوە بە كوردی و لەسەر ئەركی خۆی لە تاران چاپكراوە و لەلایەن دەزگای رەهەند كاری بڵاوكردنەوەی بۆ كراوە و لەئێستاشدا لە كتێبخانەكاندا بەردەستە بۆ خوێنەران.
ئارام ڕەشید، وەرگێڕی ڕۆمانی (ترس لە مەرگ)، بە نوچەنێتی راگەیاند، “ئەم رۆمانە باس لە قووڵایی بوونی مرۆڤەكان دەكات، درامێكی خێزانییە كە وێنای ترس، چاوەڕوانیی و ژیان بە كۆمیدیایەكی رەش دەكات”.
گوتیشی “چیرۆكی رۆمانەكە لەسەر زاری هەردوو كەسایەتی سەرەكی (مارتین و جاسپەر دین)ـەوە دەگێڕدرێتەوە، كە تاڕادەیەك روانگەی خوێنەر بەرامبەر چەمكەكانی (خۆشەویستی، ژیان، خێزان، نەتەوە و باوك و فەرزەندی) و لە هەمووشیان گرنگتر مەرگ دەگۆڕێت”.
لەبارەی ئەوەی بۆچی وەرگێڕ ئەم كتێبەی بۆ خوێنەرانی به گەرهنتی كردووە و چۆن بیری لە كارێكی لەو جۆرە كردۆتەوە، ئارام ڕەشید گوتی “زۆرجار لە پاش خوێندنەوەی كتێبێك، ئەو هەستەم هەبووە كە خەڵەتێنراوم، خەڵەتێنراو بەو مانایەی كە پارە و كاتێكی زۆرم داوە لە بەرامبەر شتێكدا كە پێموابووە هەم پارەكەم و هەم كاتەكەم بەهەدەر چووە. ئیدی زۆرجار بیرم لەوە دەكردەوە بریا بمتوانیبا لەگەڵ (نووسەر یان وەرگێڕ)ی كتێبەكە باسی ئەو هەستەی خۆمم بكردایە و داوای ڕوونكردنەوەم بكردبایە. لەمەوە بیرم لەوە كردەوە خۆم ئەوە كارە بكەم كە تائێستا خەونم بووە هەبێت و نەبووە. من دەتوانم بڕی پارەی كتێبەكە بۆ هەركەسێك بگەڕێنمەوە كە كتێبەكەی بەدڵ نەبێت و هەست بە خەڵەتاندن بكات لە بەرانبەر كڕینیدا، بەڵام بە داخەوە كە ناتوانم قەرەبووی ئەو كاتەی بۆ بكەمەوە كە لەدەستی چووە، تەنیا دەتوانم گوێی بۆ ڕادێرم كە بۆچوونەكانیم لەسەر كتێبەكە بۆ باس بكات و هۆكارەكانی بەدڵنەبوونی كتێبەكەم بۆ ڕوون بكاتەوە، كە بە داخەوە ئەمەش دیسانەوە پێویستی بە كاتە”.
سەبارەت بەوەی بۆچی ناوی كتێبەكەی گۆڕیوە، وەرگێڕی ڕۆمانەكە ئاماژەی بەوەدا
“ناوی كتێبەكە خۆی (بەشێك لە گشت)ـە، بەڵام (ستیڤ تۆڵتز)ی نووسەری كتێبەكە لە چاوێپێكەوتنێكدا دەڵێت: ڕۆمانی (بەشێك لە گشت)م دەربارەی ترس لە مەرگ نووسیوە، هەروەها دەتوانین بڵێین كۆنسێپتی بنەڕەتی كتێبەكە مەرگە، روونتر بڵێم (ترس لە مەرگ)ـە وگەورەترین ترسی ژیانی مارتین دینیش هەر مەرگە. بۆیە لەبری ناونیشانەكەی خۆی ئەم ناونیشانەم بۆ هەڵبژارد”.
ئارام ڕەشید كتێبەكان لە زمانی فارسییەوە وەردەگێڕێتەسەر زمانی كوردیی و تاوەكو ئێستا وەرگێڕانی بۆ هەریەك لە ڕۆمانەكانی (كۆلارەباز، بەردی سەبووری، منداڵی پێنجەم، ڕێگا، بازاڕیی، كافكا لە كەنار دەریا) كردووە و چاپ و بڵاویكردونەتەوە.