نوچه‌نێت
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب له راپۆرتێكدا باس له دوایین ململانێیه‌كانى ناو حزبى ده‌عوه‌ى شیعه ده‌كات و ده‌ڵێ نوورى مالیكى سكرتێرى گشتى حزب به ته‌نیا ده‌ستى به‌سه‌ر حزبه‌كه داگرتووه و له پاكتاوكردنى نه‌یاره‌كانى به‌رده‌وامه.
رۆژى پێنجشه‌مى رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووتر و سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نه‌سر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى پێشكه‌ش به حزبى ده‌عوه كرد و جیابوونه‌وه‌ى یه‌كجاریى راگه‌یاند. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه له له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت پێیوایه ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى عه‌بادى نوێ نییه، چونكه پێشتر ئه‌و خۆى جیاببووه‌وه.
له هه‌ڵبژرادنى رابردوو كه له 2018 به‌ڕێوه‌چوو، حزبى ده‌عوه به دوو لیست به‌شدارى له هه‌ڵبژاردنه‌كه كرد بوو، یه‌كێكیان لیستى هاوپه‌یمانى نه‌سر بوو كه له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا و ئه‌ویتریش ده‌وڵه‌تى یاسا بوو كه نوورى مالیكى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرد، بۆیه رۆژنامه‌كه ده‌ڵێ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌بادى نوێ نه‌بوو، به‌ڵام ئامانجێكى هه‌بوو كه ئه‌ویش ده‌رخستنى قه‌باره‌ى ئه‌و ناكۆكییانه بوو كه له‌ناو حزبى ده‌عوه‌ى ئیسلامى هه‌یه.
دواتر رۆژنامه‌كه ده‌ڵى نوورى مالیكى ئێستایش له پاكتاوكردنى سه‌ركرده‌كانى ده‌عوه به‌رده‌وامه و رووبه‌ڕووى هه‌موو ئه‌و به‌رپرسانه‌ى ده‌عوه ده‌بێته‌وه كه ره‌خنه له سیاسه‌تى حزب ده‌گرن له نزیكبوونه‌وه‌ى له ئێران‌دا.
له ئه‌نجامى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى مالیكیش ده‌یان كه‌س و به‌رپرسى حزبه‌كه له ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوودا ده‌ستیان له كاركێشاوه‌ته‌وه و به‌مشێوه‌یه مالیكى دواى شه‌ڕێكى سه‌خت به ته‌نیا له سه‌رۆكایه‌تى حزب ده‌مێنێته‌وه.
حزبى ده‌عوه یه‌كێكه له حزبه هه‌ر كۆنه‌كانى شیعه‌ى عێراق، له دواى 2003 ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست ئه‌و حزبه بووه و سێ سه‌رۆك وه‌زیرانیان یه‌ك له دواى یه‌ك هه‌بوو ئه‌وانیش ئیبراهیم جه‌عفه‌رى و نوورى مالیكى و حه‌یده‌ر عه‌بادى بوو.