(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئەوە دووپات دەكاتەوە كە پێویستە هەرێمی كوردستان لە كۆمپانیای (سۆمۆ) نوێنەرایەتی هەبێ و بۆ ئەم مبەستەش چەندین جار بە فەرمی داوا لە حكوومەت كراوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەداوەتەوە، ئەو پەرلەمانتارە رەخنەش لە هەندێ پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەگرێ كە كار لەسەر ناشیرین كردنی هەرێم دەكەن و دەڵێ” ئەوانەو عەرەبەكانیش بێ بەڵگە تۆمەت بۆ هەرێم هەڵدەبەستن و بۆ ئەوەش وادەكەن تا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بەدەست بهێنن..”.
نەهرو مەحمود قادر بەگ، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراقی بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “تا ئێستا نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە كۆمپانیای (سۆمۆ)دا نیە ، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار بە فەرمی داوامان لە حكوومەتی ناوەندی كردووە كە هەرێمی كوردستان نوێنەری لەناو ئەو كۆمپانیایە دا هەبێ. چونكە بەپێی قانوون هەر پارێزگایەكی عێراق كە نەوت لە سنورەكەی دەردەهێنرێت، پێویستە لەو كۆمپانیایە نوێنەری هەبێت”.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوە دەكات كە “ئەوان داوا دەكەن تەواوی داهاتە نەوتییەكانی هەرێم بێتە (سۆمۆ) كەواتە مادام ئەو داواكارییەتان هەیە پێوییستە هەرێمیش نوێنەرایەتیی هەبێ لەو كۆمپانیایە”.
لەبارەی گفتوگۆكانی شاندی هەرێمیش لەگەڵ بەغدا، نەهرۆ مەحموود ئەوە دەخاتەڕوو كە ” شاندنی هەرێم لە گفتوگۆكانی لەگەڵ بەغدا ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە رەزامەندە بەهەموو شتێك، تەنانەت جارێ ئەو شاندەی هەرێم بەهیچ شێوەیەك دۆسییەییەكی گرنگی وەك ماددەی 140 باس نەكردووە، جارێ ئەوەی بەگرنگ زانیوە كە لەگەڵ حكوومەت رێكبكەوێ، داوای لە حكوومەتی ناوەندی كردووە چیت دەوێ بۆت بكەم”، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێ “بەڵام بریار لەدەستی حكوومەتی عێراقی نیە بەڵكو بڕیار لەدەستی حزبە سیاسییەكانە بەتایبەتیش لایەنی شیعە”.
ئەو پەرلەمانتارە هاتنی شاندی هەرێم بۆ ناو پەرلەمانی عێراق بە كارێكی گرنگ و زۆر باشی زانی و دەڵێ “هاتنیان بۆ ناو پەرلەمانی عێراقی كارێكی ئەرێنی بوو، چونكە هەموو ئەوانەی كە لەناو هۆڵێ پەرلەماندا رەخنەو گلەییان لە حكوومەتی هەرێم هەبوو و تۆمەتی جیاجیایان بۆ دروست دەكرد، هەموویان لەكۆبوونەوەكە ئامادەبوون، چونكە لە كۆبوونەوەكە كاك قوباد زۆر بە ووردی و بەبەڵگەوە هەموو شتێكی بۆ روونكردنەوە”.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە رەخنەش لە هەندێ پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەگرێ، كە هەمیشە كار لەسەر ناشیرینكردنی هەرێمی كوردستان دەكەن، دەشڵێ “نە ك ئەو پەرلەمانتارە كوردانە، بەڵكو پەرلەمانتارە عەرەبەكانیش كە باس لە هەرێمی كوردستان دەكەن و تۆمەتی بۆ دروست دەكەن، هیچ بەڵگەیەكیان لەبەر دەست نیە بۆ ئەو تۆمەتانەیان، مەبەستیان پروپاگەندی هەڵبژاردنە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەهۆی ئەو تۆمەت هەڵبەستنانەیان بتوانن دەنگ بەدەست بێنن”.