هۆكارەكانی دواخستنی ناردنی پرۆژەبودجەی 2021 عێراق ئاشكرا بوو

0

(نوچەنێت)

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەو سێ هۆکارە سەرەکییە ئاشكرا دەکات کە بووەتەهۆی دواخستنی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 لە لایەن حکوتەوە بۆ پەرلەمان کە یەکێکیان پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە. 

ماجد وائیلی ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق  بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی راگەیاندووە، كە ئەمڕۆ شەممە (19ی کانونی یەکەمی 2020) بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت “هۆکاری یەکەم کە سەرەکییە بریتییە لەو مادەیەی کە باس لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، کۆبوونەوەکەی چوارشەممەی پێشووی شاندی هەرێم لەگەڵ پەرلەمانتاران لە پەرلەمان ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ جێگیرکردنی ئەو مادەیە لە پڕۆژەیاسای بودجە وەک ئەوەی لە یاسای قەرزەکاندا هەیە، بەڵام ئەوەش پێویستی بە هەوڵ و ڕێکاری هەردوولایە بە تایبەت دوای ئەوەی داوا لە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی کرا کە بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم دیاری بکات.” 

وتیشی، ئەوە سەرباری داهاتە نانەوتییەکانی وەک دەروازە سنورییەکان و باج و داهاتی شارەوانییەکان لە هەرێمی کورستان. 

وائیلی دێتە سەر باسی هۆکاری دووەم و دەڵێ “بریتییە لە نرخی دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕەکانی دراو لە عێراق، ئەوەش بەشێکە لەو سیاسەتە نەختینەییەی کە حکومەت پەیڕەوی دەکات لەم قۆناغەدا بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە دارایی و ئابورییەکانی وڵات و دەیەوێت نرخی دۆلار بەرز بێت.” 

دەشڵێت، “ئەرکی بانکی ناوەندیی عێراق کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکانە لە بازاڕەکان بەوپێیەی ئەو بانکە جڵەوی نرخی دراوەکانی گرتووە جا ئیتر کڕینی بێت یاخود فرۆشتنی.”

باسی لەوەشکردووە، “هۆکاری سێیەم بریتییە لە هەوڵی کەمکردنەوەی بڕی کورتهێنان تا ئەوپەڕی توانا دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەکان ناردنی پڕۆژەیاساکەیان بەبێ بوونی ڕێکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئەو کورتهێنانە ڕەتکردەوە.”

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە کە “دوای چارەسەرکردنی ئەو سێ بابەتە، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو ئامادەیە بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان.”    

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com