(نوچەنێت)
بەپێی لێدوانی فەرمی بەرپرسانی باڵای ئێران، ئاستی هەناردەی شتومەك لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، تەنها لە رێگەی دوو مەرزی سنوورییەوە گەیشتۆتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار.
لەمبارەیەوە حاکمی شاری قەسری شیرین ڕایگەیاند، ئاستی هەناردەی شتومەک لەرێگەی مەرزی خەسرەوی و پەروێزخانەوە زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار.
لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران، موراد عەلی تاتار حاکمی شاری قەسری شیرین دوێنێ 18ی کانونی یەکەمی 2020 ڕایگەیاند، ئاستی هەناردەکردنی شتومەک لەڕێگەی مەرزەکانی خەسرەوی و پەروێزخانەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار و هەروەها بەڕێژەی 45% مامەڵەکردنیش بەدراوی بیانی زیادی کردووە و لەڕووی کێشیشەوە بەراورد ساڵی پاردا 65% ڕێژەکەی زیادی کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی کە شتومەک هەناردە دەکەن لەرێگەی مەرزی پەروێزخانی فەرمییەوە بەرەو هەرێم دەچن، گەیشتووەتە زیاتر لە 700 بارهەڵگری ڕۆژانە و ژمارەی بارهەڵگرەکانیش کە بەرەو عێراق دەچن لەڕێگەی مەرزی خەسرەوییەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 300 بارهەڵگری ڕۆژانە.