پۆمپیۆ: پێویستە توركیا بە (ناتۆ)وە پابەندبێت و چەک لە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بکڕێت

0

(نوچنێت)

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی “بەڕوونی” ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی تورکیا راگەیاندووە کە “کڕینی سیستەمی ئێس 400 لەلایەن تورکیاوە، ئاسایشی تەکنەلۆژیای سوپای ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە و رێخۆشکەر دەبێت بۆئەوەی رووسیا بچێتە نێو پیشەسازیی بەرگری و هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە”.

 کەیڵ براون، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند “مایکڵ پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا قسەی کردووە و تاوتوێی ئەو سزایانەیان کردووە کە 14ی کانوونی یەکەمی 2020 ئەمەریکا خستوونیەتە سەر تورکیای هاوپەیمانی ناتۆمان، ئەوەش بەهۆی کڕینی سیستەمی ئێس 400ی رووسییەوە”.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەی خستەڕوو، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەبارەی سزاکانی سەر تورکیاوە گوتوویەتی، ئامانج لە سزاکان بۆ رێگریکردنە لەوەی رووسیا ببێتە خاوەنی سەرچاوەی داهاتی گەورە، توانای گەیشتن بە زانیاری و زیادبوونی هەژموون و کاریگەری، هەربۆیە ئەوان نیازیان نییە توانا سەربازییەکانی تورکیا و هیچ هاوپەیمانێکی دیکەی ئەمەریکا لاواز بکەن.

 پۆمپەیۆ داوای لە تورکیا کردووە بەشێوەیەکی گونجاو پرسی سیستەمی ئێس 400 چارەسەر بکات، دەشڵێت، پێویستە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی بۆ ناتۆ دووپات بکاتەوە و چەک لە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بکڕێت.

رۆژی دووشەممە 14ی کانوونی یەکەمی 2020 بەهۆی کڕینی سیستەمی ئێس 400ی رووسی لەلایەن تورکیاوە، ئەمەریکا بە فەرمی سزای بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی ئەو وڵاتە و ئیسماعیل دەمیری سەرۆکیدا سەپاند و سامان و دارایی ناوبراو سڕدەکرێت و ڤیزای ئەمریکاشی پێنادرێت. تورکیا سەرکۆنەی سزاکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، “لە کاتی گونجاودا” وەڵامی دروستیان دەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com