(نوچەنێت)
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزای بەسەر پێنج کۆمپانیای پیترۆکیماییدا سەپاند کە هاوکاری ئێرانیان کردووە بۆ ئەوەی کەرەستەکانی بە بازاڕەکانی جیهان بفرۆشێت.
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند: سزا بەسەر کۆمپانیای گواستنەوەی گاز و کیمیاییەکانی ڤێتنام دەسەپێنن کە 5ی تشرینی دووهمی 2018، بەرهەمی کۆمپانیا پیترۆکیماییەکانی ئێرانیان گواستووەتەوە دەرەوەی وڵاتەکە. سزاکان ڤۆ فونگ، سەرۆکی کۆمپانیاکەش دەگرنەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاش سزای بەسەر چوار کۆمپانیای دیکەدا سەپاندووە کە بەرهەمە کیمیاییەکانی کۆمپانیای Triliance Petrochemical Companyیان گواستووەتەوە، لەناویاندا کۆمپانیای چینی و ئیماراتی هەن.
کۆمپانیای تڕیلیانس پیترۆکیمیکال سەرەتای ئەمساڵیش لەلایەن ئەمەریکاوەوە سزای قورسی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە سەرووبەندی جێهێشتنی کۆشکی سپییە بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراو.
شیکارانی سیاسی دەڵێن وایلهێاتووە ئەگەر هەموو رۆژێکیش نەبێت، ترەمپ رۆژێک نا رۆژێک سزا بەسەر ئێران یاخود ئەو کۆمپانیا و لایەنانە بسەپێنێت کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ تاران لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئاڵۆزتر بێت.
بەهۆی سزاکانی ئەوپەڕی گوشاری ئەمەریکا، بودجەی خەمڵێندراوی سەربازی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو بە رێژەی 24٪ کەمیکردووە. ئەمەریکا دەڵێت ئەو سزایانە تواناکانی رژێمی ئێرانیان بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هەڵکوتانە سەر خەڵکی لاواز کردووە.