كازمی بۆچی سەردانی توركیا دەكات، چ كەسایەتییەكیش لەگەڵ خۆی دەبات ؟

0

(نوچەنێت)

وەفدێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران سەردانی تورکیا دەکات و بەپێی زانیاریەکانیش چەندین دۆسیەی گرنگ بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات دەبن. 

پێش سەردانی وەفدەکەی عێڕاق فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە گەیشتە تورکیا و زنجیرەیەک کۆبونەوەی ئامادەکاری سازکراون و باس لە دۆسیەکانی ئاسانکاری بۆ عێراقیەکان بۆ چونە تورکیا و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی 2009 کراوە، ئەوەش بۆ ئەوەی وەفدە سەرەکییەکە زیاتر بە دۆسیە گەورە و ستراتیژیەکانەوە سەرقاڵ ببن. 

سەردانەکە دوای دروستبونی چەند گرژیەک لەنێوان هەردولا دێت بەتایبەتی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەبیانوی شەڕی پەکەکە، بەپێی زانیاریەکان بڕیارە تێیدا باس لە چەند دۆسیەیەکی ستراتیژی و گرنگ بکرێت، وەک بەستنەوەی هەردو وڵات لەڕێگەی هێڵی شەمەندەفەر و ئامادەکاری بۆ چونە سەر ڕێگەی ئاوریشم و پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا. 

لای خۆیەوە حسێن عەلاوی مامۆستای ئاسایشی نیشتمانی لە زانکۆی نەهرەین دەڵێت، گرنگی سەردانەکە لەوەدایە دوای ماوەیەکی زۆرە لە کێشە و گرژیەکانی نێوان هەردوو وڵات، وەفدە وەزارییەکەی سەرەتا گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی ڤیزا و هاتوچۆی هاوڵاتیانی هەردولا دەکات و سەرکردەکانی هەردولاش کە کازمی و ئەردۆگانن باس لە دۆسیە ستراتیژیەکان دەکەن لە سەروشیانەوە دۆسیەکانی ئاو، وەبەرهێنان، هەماهەنگی ئەمنی و گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی کەیسە هەرێمیەکان. 

بڕیارە هەر لە سەردانەکەدا گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی هەناردەکردنی نەوت و دەرفەتی کار بۆ عێراقیەکان لەڕێگەی چالاککردنی وەبەرهێنان و چەندین بابەتی تر بکرێن. 

غالب دەعمی مامۆستای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە سەردانەکەدا ڕێگەی نوێ بۆ کێشە کەڵەکەبوەکانی چەندین ساڵ دادەنرێت، لەوانەش دەستوەردانی تورکیا لە ناوخۆی عێڕاق و دۆسیەکانی نەوت و ئاو، هەروەها ئەنقەرە خواستێکی زۆری هەیە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوریی نوێ و دروستکردنی ڕێگەی خێرا لەنێوان باشور و باکوردا. 

پێشتریش فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لەمیانەی بڵاوکردنەوەی تویتێک لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیبوی، دیداری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق پێش سەردانی کازمی کە بریارە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) ئەنجامی بدات ئەوە دەگەیەنێت، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات زۆر پتەون و لەهەمانکاتیشدا ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی بەردەوام لەنێوان هەردوو وڵاتدا. 

بڕیارە ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17ی کانونی یەکەمی 2020) سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیاوەری شاندێکی باڵا بچێتە تورکیا و یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەشی ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانییە. 

ئەرشەد ساڵحی لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، لە سەردانەکەی ڕۆژی (پێنجشەممە)دا بۆ تورکیا یاوەری مستەفا کازمی سەرۆکی وەزیرانی عێراق دەکات. 

ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارە لەسەردانەکەدا چەند دانیشتنێکی فەرمی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بکرێت. 

ساڵحی ئەوەشی ئاشکراکردوە، لە کۆبونەوەکاندا باس لە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ و بەهێزکردنی پەیوەندیە هاوبەشەکان لە سەرجەم بوارەکاندا دەکرێت، بەتایبەتی  لە بوارەکانی وزە و ئاو و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com