(نوچەنێت)
وەزارەتی تەندروستیی عێراق داوای لەهاووڵاتیان کرد زیاتر پابەندی ڕێکارەکانی بەرگرتن بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هۆشداریشدا لە ئەگەری سەپاندنی قەدەغەی گشتی لەکاتی بەرزبوونەوەی زیاتری حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق (16ی کانوونی یەکەمی 2020) کە وێنەیەکی دەست (نوچەنێت) کەوتووە ئاماژە بە وەرزی زستان كراوە كە دۆخێکی گونجاوە بۆ بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا، بۆیە دەڵێ “دەبێت هاووڵاتیان لەم وەرزەدا زیاتر ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە نەخۆشییەکە جێبەجێ بکەن”.
بەپێی ئەو راگەیەنراوە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق، هۆشداریشداوە لە ئەگەری سەپاندنی قەدەغەی گشتی یان نیمچە قەدەغە لەکاتی تۆمارکردنی حاڵەتی زیاتر بە نەخۆشییەکە هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان کە لە ئێستادا بەشێکیان ناچاربوون بەهۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکان پەنا بەرن بۆ داخستنی گشتی یان نیمچە داخستن”.
ڕاگەیەندراوەکە جەختی لەوەشکردۆتەوە، کە “دەبێت ناوەندەکانی خوێندن پابەندی تەواوی رێنماییەکانی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی گشتی بن بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەنێو خوێندکاراندا”.
بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق “نابێت هیچ جۆرە ئاهەنگێران و ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە یادی سەری ساڵی نوێ ئەنجام بدرێت، ئەوانەشی پێشێلی ئەو ڕێنماییانە دەکەن بەتوندی سزا دەدرێن”.
هەر لەو راگەیەنراوەدا هاتووە “وەزارەتی تەندروستی داوای لە تیمەکانی وەزارەت کردووە بە چڕی چاودێریی شوێنە گشتییەکان، مۆڵەکان، خواردنگەکان و قاوەخانەکان بکەن و لەکاتی پابەندنەبوونیان بەڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت بە توندی سزا بدرێن”.
بەپێی ئەو راگەیەنراوەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، ژمارەی توشبوون و گیانلەدەستدان بەكۆڕۆنا لەعێراق بەڕێژەیەکی بەرچاو بە بەراورد بە مانگی ئایاری ڕابردوو دە هێندە کەمی کردووە.