(نوچە نێت) شلێر سەعید
پەرلەمانتارێكی كورد لەبەغدا چەند پێشنیارێك دەخاتەروو بۆ چارەسەری ناكۆكیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەڵام وەك خۆی دەڵێ “لەكاتێكدا بەو پێشنیارانەی من 70% ی كێشەكانی نێوانیان چارەسەر دەكات، بەڵام تا ئێستا كەس وەڵامی نەداومەتەوە.
دكتۆر موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا، كە یەكێك بووە لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی وەفدی هەرێم لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێ “كێشەی داهاتی هەرێم دەبێت بە ریشەیی چارەسەربكرێ، و هیوامان دەخواست نوێنەران و شاندی هەرێم كە دێنە بەغدا شتێكی وا باسكەن كە ئەوانەی بەغدا سەرسام بكەن بەڵام وای نابینم”.
ناوبراو لەو كۆبوونەوەیەدا چەند پێشنیاری بۆ هەرێم و بەغدا خستۆتەڕوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان بۆ ئەمەش دەڵی “لە كۆبونەوەكە یەكەمیان چەند پیشنیارێكم كرد، لەوانە لیژنەیەك لە حكومەتی ئیتحادی پێكبێت، بۆ لێكۆڵینەوە لە ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها بری پارەی پێویست بۆ موچەخۆران بخرێتە بانقێك كە هەرێم نەتوانێت دەسكاری بكات تەنها بۆ دابەشكردنی موچە نەبێت، بۆئەوەش هەر میكانیزمێكی پێویستە بگرێتە بەر بۆنمونە بێ واژوی وەزارەتی دارایی عێراق خەرج نەكرێت، و خاڵێكی دیكەش لە پێشنیارەكانم بریتی بوو لەوەی كە لیژنەیەك دروستبكرێت بۆ داهاتەكانی هەرێم تا بزانن هەرێم داهاتی چەندە و یەكلابكرێتەوە و بەپێی دەستور چەندی بەر حكومەتی فیدراڵ كەوت بیدرێتی و كۆتایی پێ بێت و لەبارەی موچەی زیندانی سیاسی و شەهیدان و ئەنفالیش پێشنیارم كرد ئەوانە مووچەكانیان بخرێتە سەر حكوومەتی عێراقی، چونكە ئەوە ئەركی حكومەتی فیدراليەو جگە لەمەش موچەیان دووهێندی ئەو مووچەیەیە كە هەرێم پێان دەدات”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو ئاماژەی بەوەشكرد كە “ئەو پێشنیارەی من لە كۆبوونەوەكە كردم، 70% كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەكات بەڵام كەس لەو شاندەی هەرێم وەڵامی منیان نەدایەوە، نازانم بۆچی قبوڵی ناكەن لە كاتێك لێرە شیعەكان قبوڵیانە”.
جێی باسە، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێم و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی هەرێم بوو، كە ئێوارەی ئەمڕۆ 16 كانونی یەكەمی 2020، سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەردوو جێگرەکەی، و سەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكان، لە هۆڵی دەستوریی ئەنجومەنی نوێنەران ، ئەنجامدرا.