(نوچەنێت)
زەینەب سولەیمانی، کچی قاسم سولەیمانی دەڵێ “ئەمەریکا قاسم سولەیمانییان شەهید کرد، چونکە سولەیمانی ئەو تیرۆریستانەی لەناودەبرد کە ئەمەریکا دروستی کردبوون”. دەشڵێت “باوکم شەڕی داعش و قاعیدەی دەکرد لە عێراق و سووریا، بەڵام ئەمەریکا نەیدەویست ئاژاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی بێت”.
ئەو قسانەی زینەب سولەیمانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای رووسی كردی و ئاماژەی بەوەشداوە كە باوكی “لە یاری شەڕی تیرۆریستان براوە بوو، تیرۆریستانی لەناوبرد، ئەوکاتەی شەهید کرا میوانی عێراقییەکان بوو.. عێراقییەکان قاسم سولەیمانییان بانگهێشت کردبوو بۆئەوەی یارمەتییان بدات”.
ناوبراو روو لەئەمەریكییەكان دەكات و دەڵێ “چۆن وێراتان فەرماندەیەکی فەرمیی وڵاتێک بکوژن کە لەسەر داوای عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بوو؟”
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە 3ی کانوونی دووەمی 2020 قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوشت.
دۆناڵد ترەمپ لەسەر کوشتنی سولەیمانی لە گوتارێکدا باسی لەوە کرد، رێگرییان کردووە لە سەرهەڵدانی شەڕێک و لە تویتێکیشدا گوتی، دەبوو زووتر بمانکوشتبایە.
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش دوای ئەو رووداوە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی CNNی ئەمەریکی گوتبووی “قاسم سولەیمانی پلانی دادەڕشت بۆ ئەنجامدانی هێرشێک لە ناوچەکەدا”.