بارەگای پارتە كوردیەكانی رۆژئاوا دەكرێنە ئامانج

0

(نوچەنێت)

لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بارەگای بەشێك لە پارتە كوردیەكانی رۆژئاوای كوردستان (سووریا) دەكرێنە ئامانج و تا ئێستاش بەپێی ئەو لێدوان و بڵاوكراوانەی لەسەر ئەو بەئامانجگرتنەی بارەگاكان هیچ كەس و لایەنێكیان تۆمەتبار نەكردووە، بەڵام دەڵێن “ئەوە بۆ تێكدانی ئەو هەوڵانەیە كە بۆ بەرەوپێشچوونی دیالۆگی كوردی – كوردی) لە سووریا دەدرێن.

بەپێی سەرچاوەكان یەكشەممەی رابردوو چەند كەسێكی نەناسراو دەستدرێژی دەكەنە سەر بارەگای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا لە شارۆچكەی دەرباسپی سەر بە شاری حەسەكەو وەك راگەیەنراوە “بەدەستڕێژی گووللە هێرش كراوەتە سەر ئەو بارەگایە”.

بەپێی راگەیانراوێكیش كە ئەنجومەنی ناوبراو بڵاویكردۆتەوە “لە شاری قامیشلۆش هێرش كراوەتە سەر بارەگای پارتی دیمەوكراتی كوردستانی سووریا و لەلایەكی دیكەش دەستدرێژیش كراوەتە سەر نوسینگەیەكی پارتی یەكێتی كوردستان لە سووریا”.

هەر بەپێی ئەو راگەیەنراوە، هێزەكانی ناوخۆی ئەو شوێنانە كە بە (ئاسایش) ناسراون، توانیویانە چەند كەسێك بە تۆمەتی ئەو دەستدرێژی كردنانە دەستگیر بكەن،

لایخۆشییەوە فەیسەڵ یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی (ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی) رایگەیاند، ئەو دەستدرێژیانەی دەكرێتە سەر ئەو بارەگایانە بۆ ئەوەیە فشار بخنە سەر ئەنجومەن و تەنگەتاو بكرێ، بۆ ئەوەی ئاستەنگ لەبەردەم گفتوگۆی نێوان ئەنجوومەن و (پارتی یەكێتی دیموكراتی) دروستبكرێ و لە نزیكبوونەوەیان لەیەكتری سەركەوتوو نەبن، یوسف دەشڵێ “دانوساندنەكانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی لەگەڵ پارتە كوردیەكان بابەتێكی گرنگ و هەستیارە، چونكە لەژێر رۆشنایی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەتایبەتیش بڕیاری ژمارە 2254، كار بۆ یەكدەنگی هەڵوێستی كوردی لە سووریا دەكات و دەیەوێ چارەسەرێكی  سیاسیانە بۆ دۆخەكە بە گشتی دەستەبەر بكات”.

لەلایەكی دیكەش مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات ئیدانەی ئەو دەستدرێژیانەی كرد كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو كرابوونە سەر بارەگاكانی پارتە سیاسییە كوردییەكان و ئەوەشی خستەڕوو كە “هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەووردی كار لەسەر ئەو دۆخە دەكات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com