نوچه‌نێت
حه‌سه‌ن ئالى په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له عێراق رایگه‌یاندووه، شاندى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان كۆده‌بنه‌وه.
حه‌سه‌ن ئالى لێدوانى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى داوه و ره‌تیكردووه‌ته‌وه كێشه له دانوستاندنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌بێت و دانوستاندنه‌كه وه‌ستابێ.
باس له‌وه‌یش ده‌كات بڕیاره ئه‌مڕۆ شانده‌كه كه له‌لایه‌ن قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق كۆببێته‌وه.
حه‌سه‌ن ئالى باس له‌وه ده‌كات هه‌رێمى كوردستان رازى بووه 460 هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه راده‌ست بكات، به‌ڵام بابه‌تى گومرك و هه‌ندێك مووچه كه هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێ له به‌غداوه بدرێت، ماوه‌ته‌وه.
پێشتر جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتوو و ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق، له لێدوانێكى بۆ هه‌مان ماڵپه‌ڕ گوتوویه‌تى، دانوستاندنى هه‌رێم و به‌غدا كێشه‌ى تێكه‌وتووه، چونكه هه‌رێم ناتوانێ راسته‌وخۆ نه‌وته‌كه‌ى راده‌ستى كۆمپانیاى سۆمۆى عێراق بدات، چونكه مافى كۆمپانیاى تری له‌سه‌ره و ده‌بێت شایسته داراییه‌كانى ئه‌وانیش بدات.