سەرۆکی پێشووی ئاسایشی سایبەر: ڕووسیا، چین، کوریای باکوور و ئێران هەوڵی دزینی ئای پی ڤاکسێنی کۆرۆنا دەدەن
کریس کرێبس بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی پاراستنی سایبەر و ژێرخانی ئابوری (CISA) ڕۆژی یەک شەممە ڕایگەیاند کە نەیاران هەوڵیان داوە بیرۆکە و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە ڤاکسێنی کۆرۆنا بدزن.
کرێبس وتیشی “ئاگادار کراوینەتەوە چوار وڵاتی گەورەی ڕووسیا، چین، ئێران و کوریای باکوور بە جۆرێک سیخوڕی یان دزی دەکەن و هەوڵ دەدەن زانیارییەکانی ڤاکسینەکە بە دەست بهێنن”.
سەرۆکی پێشووی ئاژانسی پاراستنی سایبەر و ژێرخانی ئابوری ڕۆژی یەکشەممە وتی نەیاران هەوڵیان داوە زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە ڤاکسێنی کۆرۆنا ڤایرۆس بدزن.
کریس کرێبس، بەڕێوەبەری پێشووی CISA لە دیمانەیەک لەگەڵ بەرنامەی “دیدار لەگەڵ نەتەوە”ی کاناڵی CBS ڕایگەیاند “تا ڕادەیەک ئاگادارین کە چوار گەورە وڵات واتە ڕووسیا، چین، ئێران و کوریای باکوور بە جۆرێ سیخوڕی و دزییان کردووە و هەوڵیان داوە زانیارییەکانی ئەو ڤاکسینە بدزن”.
کرێبس وتی: ” ئێمە لە CISA تەنیا لە بیری بەرهەمهێنەرانی ڤاکسێنەکە نەبووین بەڵکو لە بیری هەموو زنجیرەی دابینکردنی ئەو ڤاکسێنانەدا بووین و لە ڕاستیدا هەوڵمان داوە هەموو خاڵە لاوازەکان بدۆزینەوە”.
وتیشی “ئەو هەوڵانە تەنیا بۆ کۆمپانیای مۆدێرنا یان هەندێ لایەنی تر کە لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ڤاکسێندان نەدراون، بەڵکو هەوڵ دراوە هەموو زنجیرەکانی دابینکردن، دابەشکردن و ڕێکخراوەکانی تەندرووستیی گشتیی بپارێزرێن… ئەوانە ئەو لایەنانەن کە ئێمە ناچارین لە ناوەندی ئاسایشی سایبەر و لە کەرتی تایبەت هەوەڵەکانمان بۆ پاراستنیان چڕتر بکەینەوە”.
ABM هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە تۆڕێکی جیهانی فیشینگ [تۆڕی دزینی زانیارییەکان] زنجیرەی دابەشکردنی ساردی ڤاکسێنی کۆرۆنایان کردووەتە ئامانج، واتە ئەو زنجیرەیە کە دەبێتە هۆی پاراستنی ڤاکسێنەکە لە کاتی خەزنکردن یان گواستنەوەیدا.
ڕێکخراوی CISA هانی ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە Operation Warp Speed [کە یەکێکە لە قۆناغەکانی پلانی کوتانی ڤاکسێن لە ئەمریکا] دەدات بۆ ئەوەی چاو لە ڕاپۆرتەکەی ABM بکەن بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دەستێوەردانەکان.
کرێبس سەرۆکی پێشووی CISA و بەرپرسی سەرەکی کاروباری پاراستنی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بوو. مانگی ڕابردوو لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بە نووسینی دوو تویت لە پۆستەکەی دەرکراا.
ترەمپ ڕایگەیاند، کە کرێبس لێدوانی “زۆر هەڵە و چەواشەکارانەی” سەبارەت بە ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ داوە.
ترەمپ کە تا ئێستا سەرکەوتنی بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای قەبووڵ نەکردووە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەڵبژاردنەکان پڕ بووە لە “ساختەکاری و تەزویر”. تویتەر لەژێر تویتەکانی ترەمپدا دەنووسێت کە بانگەشەکان سەبارەت بە ساختەکاری و تەزویر لە هەڵبژاردنەکان جێگای مشتومڕن و نەسەلماون.
پێشتر کرێبس ڕایگەیاندبوو کە هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەست نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی لایەنێکی دەرەکی دەستێوەردانی هەڵبژاردنەکانی کردبێت.
کرێبس کە لە هەموو ژیانیدا کۆماریخواز بووە ڕایگەیاند: “کاتی ئەوەیە بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و کۆماریخوازەکان ڕاوەستن و ئەنجامەکان قەبووڵ بکەن و بەرەو داهاتوو هەنگاو بنەن”.
سەرچاوە: CNBC