لیژنەیەكی هاوبەشی پەرلەمانی هەڵسەنگاندن بۆ رووداوەكانی ناو خۆپیشاندانەكان دەكات

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، بڕیارە بەم زووانە لیژنەیەكی هاوبەشی پەرلەمانی سەردانی ئەو ناوچانە بكەن كە لەچەند رۆژی رابردوودا خۆپیشاندانی تێدا ئەنجامدرابوو، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆكایەتی پەرلەمان هەردوو لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤی بۆ ئەو كارە راسپاردووە.

لە لێدوانێكدا حەسیبە سەعید گەردی، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی مرۆڤی پەرلەمان بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “بەم زووانە لیژنە هاوبەشەكە دروست دەكرێ و سەردانی مەیدانی ئەو ناوچانەی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دەكەین، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە هەڵسەنگاندن بۆ رووداوەكان و هۆكارەكانی دروستبوونی تووندوتیژیەكانی ناو ئەو خۆپیشاندانانەش بكرێت”.

ناوبراو روونیكردەوە كە “دەمانەوێ‌ لە سەردانە مەیدانیەماندا لەبارەی وردو درشتی رووداوەكان بزانین و هۆكارەكانی پشت دروست بوونی تووندوتیژییەكان و كوژران و برینداربوونی خەڵك بزانین”

“دەستێكی تێكدەر هەبووە لەناو خۆپیشاندانەكان، بۆ ئەم مەبەستەش باس لە بوونی ئەندام ولایەنگرانی (پەكەكە) دەكرێ كە بەهۆی دروستكردنی تووندوتیژییەوە ئاراستەی خۆپیشاندانەكانیان گۆڕیوە”، حەسیبە گەردی وای وت .. دەشڵێ “هەمانكات دەمانەوێ‌ لەو سەردانانەماندا وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ لەوە دڵنیابینەوە كە ئەو كەسانەی گیراون چۆن هەڵسوكەتیان لەگەڵدا كراوە”

بەپێی قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە ئەو لیژنەیە تەواوی ئەو زانیاریانە لەچوارچێوەی راپۆرتێكدا كۆدەكاتەوە دەیداتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و دواتریش لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیشدا ئەنجامی كارەكانی ئەو لیژنەیە رادەگەیەنرێ.

لای خۆشییەوە موحسین حوسێن مستەفا، ئەندامی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان بە (نوچەنێت)ی راگەیاند ” وەكو لیژنەی پەرلەمانی سەردانی ئەو شوێنانە دەكەین كە خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجامدراوە و خەڵكیش لەناو خۆپیشاندانەكاندا كوژراو و بریندار بوونە، بارەگا سوتێنراون، كاری تێكدەرانەش كراوە، ئەچین لە نزیكەوە هەڵسەنگاندن لەسەر ئەو بەڵگانە دەكەین بۆ ئەوەی ئاشكرا بكرێ كە كێ ئەو خەڵكەی كووشتووە و بریانداریان كردوون و كاری تێكدەرانەیان ئەنجام داوە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانیش ئەوە دووپات دەكاتەوە كە “ئەو گرژیەی لەناو خۆپیشاندانەكان دروست بوو، بەهۆی ئەوە بووە كە هەندێك دەستی تێكدەری تێدابووە”. دەشڵێ “دەبێ بزانێ‌ كین ئەوانەی بەشداری ئەو خۆپیشاندانانەی كردووە و لەناو خۆپیشاندانەكانیشدا تووندوتیژییان دروست كردووە”.

هەروەها موحسین حوسێن مستەفا بەهەمان شێوە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە “بەپێی بەڵگەكان ئەندام و لایەنگرانی (پەكەكە) لەناو خۆپیشاندانەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی سلێمانی و ناوچەكانی دیكە بەئاشكرا هەبوونە، كە هەندێكیان دەمامكدار بوونە . لەكاتێكدا داواكردنی مافەكان هیچ پێویستی بەوە نیە خۆپیشاندەر دمامك ببەستێ”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا “ئەوانەی تا ئێستا بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە لە گرتووخانەكان راگیراون، هەموویان ئازاد نەكراون، ئەوە كاری حكوومەت و یاسایە كە بەپێی قانون مامەڵەیان لەگەڵدا بكات”.

رۆژی 2 ی کانونی یەکەمی 2020 ، خۆپیشاندان لەدژی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خراپی دۆخی دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و رۆژی دواتر کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا رێگری بکەن لە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندان، خۆپیشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە.

رۆژی  6 ی کانونی یەکەمی 2020 ، خۆپیشاندانەكە ناو سلێمانی تێپەڕاند و گەیشتە پیرەمەگروون لەوێش گرژی لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران کۆمیتەی یەکێتی یان سوتاند و هەوڵی سوتاندنی بارەگای پارتیشیاندا، بەڵام لەلایەن پاسەوان و هێزێکی زۆرەوە دورخرانەوە.

رۆژی  7ی کانونی یەکەمی 2020 ، لە سەیدساق خۆپیشاندا دەستی پێکرد وخەڵک رژانە سەر شەقام و بارەگا حزبییەکانی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو)، بینای قایمقامیەتیان سوتاند.

رۆژی هەینی  11ی کانوونی یەکەمی 2020، جارێكی تر لە شاری سلێمانی لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان، ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکە دەستگیرکران، لە ئێستاشدا بەشێکیان ئازادکراون.

بەپێی سەرژمێرییەكان لە خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوودا 10 كەس گیانیان لەدەستداو نزیكەی 70 كەسیش بریندار بوون و ژمارەیەك كەسیش لە بەندیخانەكان راگیراون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com