(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن
لە ژێر ناونیشانی (شێخ عەبدولسەلام بارزانی و مۆدێرنە، هەردووکیان لە تەمەنێکی بچووکدا ماڵئاواییان کرد)، مەعروف حەسەن، نووسەر بابەتێكی لە (یادی ١٠٦ ساڵەی شەهیدکردنی شێخ عەبدولسەلام بارزانی)دا، بڵاوكردۆتەوە ، تیایدا بەبەڵگەهێنانەوە ئەوە دەردەخات كە ئەوەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بردە بەر پەتی سێدارەن هەموو ئەوداواكارییانە بوون كە لە سەردەمی مۆدێرنە هەبوون. چونكە دەڵێ ” مۆدێرنە، بە پشت بەستن بە داڕوخانی تەختی دەسەڵاتداری عوسمانییەکان و دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان لێرە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم گەیشتۆتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. (شێخی بارزان) یەکێکە لەو کەسانەی کە زوو ئاشنابووە پێی، واتە دوورتر ڕوانیویەتی و باشتر لە سەردەمەکەی خۆی و لێکەوتەکانی گەیشتووە لە پاشەڕۆژ دا”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەكات كە “هەموو هەوڵێک بۆ ناسینی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، بەبێ ناسینی مۆدێرنە، هەوڵێکە بەرهەمی وورووژانێکی ناوچەیی و خێڵەکی کوشندەیە. چونکە ئەو داواکارییانەی کە شێخی بردە بەر پەتی سێدارە، هەمان ئەو داواکارییانەن کە سەردەمی مۆدێرنە، لە ئاستە نەتەوایەتییەکەیدا، بەرهەمیدێنێت: خوێندن بە زمانی کوردی، خودموختاری و بەکارهێنانی باج بۆ خزمەتی ناوچەکان نەک بۆ خزمەتی حەرەمسەرای سوڵتان”.
دەقی بابەتەكە بخوێنەوە :
شێخ عەبدولسەلام بارزانی و مۆدێرنە
هەردووکیان لە تەمەنێکی بچووکدا ماڵئاواییان کرد
(لەیادی ١٠٦ ساڵەی شەهیدکردنی (شێخ عەبدولسەلام بارزانی)دا
مەعروف حەسەن
مەئمون، کوڕی هاڕونە ڕەشید، خەلیفەی عەباسی، لەبڕی خەون بینین بە زانا و دانایانی دینەکەی خۆی، واتە سەردەمەکەی، خەون بە ئەرستۆوە دەبینێت، گەر هەڵە نەبم، وەک مەریوان ووریا لە کتێبی (فیکر و دونیا) دا باسیدەکات. ئەوەی وایکردووە کەسێک بەر لە ١٢٠٠ ساڵ خەون بە ئەرستۆ وە، وەک باوکی سیاسەت، ببینێت، تەنها هۆشیاری و دونیابینییە فراوانەکەیەتی.
مۆدێرنە، بە پشت بەستن بە داڕوخانی تەختی دەسەڵاتداری عوسمانییەکان و دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان لێرە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم گەیشتۆتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. (شێخی بارزان) یەکێکە لەو کەسانەی کە زوو ئاشنابووە پێی، واتە دوورتر ڕوانیویەتی و باشتر لە سەردەمەکەی خۆی و لێکەوتەکانی گەیشتووە لە پاشەڕۆژ دا. بۆئەوەی شێخ بناسین لە چوارچێوەیەکی مۆدێرندا، سەرپێیانە مۆدێرنە پێناسەدەکەن لە هێڵە گشتییەکانیدا.
مۆدێرنە، لە ئاستی باڵای فیکردا، بریتییە لە کردەی پێکەنین بە شێوە ژیانی باو. پڕۆسەی تێگەیشتن و ئاشنابوونە بە ژیان لەسەر زەوی. هەوڵە بۆ ڕیکخستن و داڕشتنەوەی ژیان لەسەر بنەمای یەکسانی، دادپەروەری و برایەتی. کردەی بیناکردنێکی تاکییانە و کۆییانەی مرۆڤە. تاکگەرایی وەک ئەوەی ڕزگارمان بێت لە کۆییلەبوون (کە بارزانییەکان، بە پشتبەستن بە دنیابینی و جیهانبینی شێخانی بارزان، کردوویانە بۆ ڕزگاربوون لە دەرەبەگایەتی و کەلتورەکەی)، کۆییگەرایی وەک پەیام و داواکاری سیاسی (پەیامەکانی شێخ بۆ دەوروبەر، عوسمانییەکان و شوێنانیتر، ئەکادیمیستەکان باشتر ئەم مێژوە دەزانن، گەواهیدەری ئەمەن).
مۆدێرنە لە ئاستی نەتەوەییدا، بریتییە لە ئاشنابوون بەوانەی بە زمانی تۆ دەدوێن. لێرەوە چیدی کەس بەناوی خودا و دین و خەلافەتەوە حوکمی دونیا و مرۆڤەکان و نەتەوەکان ناکات. ئەمە ڕەهەندێکی گرنگی سۆفیگەر و شێخانی کوردە، بە گشتی، لە سەدەی بیستەمدا. بە داخەوە هوشیاری گشتی پەی پێ نەبردووە.
بەبڕوای من، هەموو هەوڵێک بۆ ناسینی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، بەبێ ناسینی مۆدێرنە، هەوڵێکە بەرهەمی وورووژانێکی ناوچەیی و خێڵەکی کوشندەیە. چونکە ئەو داواکارییانەی کە شێخی بردە بەر پەتی سێدارە، هەمان ئەو داواکارییانەن کە سەردەمی مۆدێرنە، لە ئاستە نەتەوایەتییەکەیدا، بەرهەمیدێنێت: خوێندن بە زمانی کوردی، خودموختاری و بەکارهێنانی باج بۆ خزمەتی ناوچەکان نەک بۆ خزمەتی حەرەمسەرای سوڵتان.
من نازانم، بەڵام ئەگەر کەسێک لێم بپرسێت: لە سەردەمە مۆدێرنەکاندا چ خراپەکارییەک هەیە؟ بێ دوو دڵی دەڵێم:
بە دیوێکدا بازنەی بەشداری سیاسی و خیانەتی فراوانکرد.: بەژداری سیاسی بەمانای چیدی هێزێک، خەلیفەیەک و کۆمەڵێکی بچووک بڕیاری سیاسییان بەدەستەوە نابێت. بە دیوەکەی تریشدا، خیانەتیش توون دەبەستێتەوە بە تەماحە کەسی و ناوچەییەکانەوە. شێخی بارزانیش بەر لەپەتی سێدارەی عوسمانی، پەتی خیانەتی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی خرایە مل.
کریس کۆچێرای مێژوونووسی کۆچکردووی فەڕەسی، بەباشی هەڵسەنگاندنی بۆ پەیامە سیاسییەکانی شێخ کردووە. ئەو نامەکەی شێخ بۆ سوڵتانی عوسمانی بە یەکەمین پەیامی فەرمی و سیاسی کورد دادەنێت کە تا ئێستا کورد بەرهەمی هێنابێت . واتە شێخ عەبدولسەلام تاکە سیاسی کورد بووە کە ڕوون و ڕەوان پرسی کوردبوون و زمان و خودموختاری بە زەقی و بەبێ پەردە و بە دەنگی بەرز، ووروژاندووە.
لەسەر ئەم بنەمایە، شەهیدکردنی شێخ تووند تووند بەندە بە کوشتن و شکستی مۆدێرنەوە لێرە. هەروەک چۆن مۆدێرنە لە گەنجیدا کوژرا، ئاواش شێخی بارزان لە تەمەنی گەنجیدا شەهید کرا. ئەمە لەکاتێکدا تەواوی حوکمی (میر) گەرایی و (خان) گەرایی و (پادشا) گەرایی لە کوردستاندا لە خەمی تەخت و بەرژەوەندییەکانی خۆیان و تەخت و بەرژەوەندییەکانی سوڵتاندا بوون.