(نوچەنێت)
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکرات، زۆرینەی دەنگەکانی (ئەنجوومەنی هەڵبژێر)ی ئەمەریکای بەدەستهێنا، بەوەش هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکە، شکستیان هێنا.
بایدن کۆی 306 دەنگی لە ئەنجوومەنی هەڵبژێردا بەدەستهێنا، کە دەبوو لانیکەم 270 دەنگ بێت. لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، 232 دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژێری بەدەستهێنا. بەپەسندکردنی دەنگی ئەو ئەنجوومەنە، جۆ بایدن دەبێتە 46 مین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەپێی سیستمی هەڵبژاردنی ئەمەریکا، ‘ئەنجوومەنی هەڵبژێر’ سەرۆکی وڵات دیاریدەکات، ئەو ئەنجوومەنەی نوێنەرانی هەموو ویلایەتەکانی وڵات لە خۆ دەگرێت و ئەوان دەنگ بەو کەسە دەدەن، کە دەبێتە سەرۆکی وڵاتەکە بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ کە لە دەنگدانی گشتی وڵاتەکەدا لە بەرامبەر بایدن شکستی هێنابوو، ئاشكرایکردبوو ئەگەر ئەنجوومەنی هەڵبژێر دەنگ بەبایدن بدات، کورسیی کۆشکی سپی رادەستی بایدن دەکات. بەڵام دوای دەنگدانی ئەنجوومەنەکە، ترەمپ جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و بە “گەندەڵترین”ی مێژووی وڵاتەکە، ناویبرد.
بایدن دوای بردنەوەی دەنگدانی ئەنجوومەنەکە گوتی، دیموکراتیەت لەم جەنگەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، “بۆ بەدەستهێنانەوەی رۆحی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا”. بەڵێنیشی دا سەرۆکی هەموو ئەمەریکییەکان بێت، “کاردەکەم لەپێناو هەموو ئەوانەدا کە دەنگیان پێدام و ئەوانەشی دەنگیان پێنەدام”.
(ئەنجوومەنی هەڵبژێر) بایدنی كردە 46 مین سەرۆکی ئەمەریکا
0
Share.