(نوچەنێت)
وەزیری ناوخۆی عێراق چوار فەرمانی لەبارەی کاروباری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەشنگال دەرکرد و ڕایگەیاندو ئەوەشی دووپات كردەوە كە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و فیدراڵ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “بڕیارمان بەبڵاوکردنەوەی زیاتری هێزە ئەمنیەکانداوە هەروەها بەزیادکردنی دەزگاکانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ و زیادکردنی ژمارەی هێزی چەکدار بۆ بنکەکانی پۆلیسی شارۆچکەکە”. غانمی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، فەرمانیشیان بەکردنەوەی نوسینگەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و هەروەها پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و فریاکەوتن لەشارۆچکەکە کردووە بۆ ئەوەی ئۆقرەیی بەشێوەیەکی تەواو لەناوچەکەدا بەرقەرار بێت و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە.
وەزیری ناوخۆ باسی لەوەش کرد، لەقۆناغی یەکەمدا دەستکراوە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال لەنێوان هەرێم و فیدراڵدا و هەموو هەنگاوێکی سەرەتاش بۆ چەسپاندنی پێویستی بە ماوەیەکی زەمەنی هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی بچەسپێنرێت.
وەزیری ناوخۆ ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لەئێستادا بارودۆخەکە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت و لەچەند ڕۆژی داهاتوشدا دەچنە وردەکاری زیاترەوە بۆ ئەوەی چەسپاندنی ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەک بێت خواستی خەڵکەکەی لەگەڵدا بێت.