(نوچەنێت)
فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی ڕەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێزەوە هەبێت کە بەناوی دەستەی حەشدی شەعبی کوردی دروستکراوە.
ئەبو ڕەزا نەجار فەرماندەی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی ئەمڕۆ یەکشەممە 13ی کانونی یەکەمی 2020 لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی دەست (نوچەنیًت) کەوتووە رایگەیاند “هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن لێدوانی چەند کەسایەتییەکیان بڵاوکردوەتەوە کە باسی خواستی پەیوەندیکردنیان دەکەن بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەناوی حەشدی شەعبی کوردیەوە. “
ڕونیشیکردوەتەوە، “ئەوە ئاشکرا دەکەین هیچ ڕەزامەندییەکی زارەکی و نوسراو نییە لەو بارەیەوە و داوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەین هەواڵ لەسەرچاوە فەرمییەکانەوە وەرگرن لە داهاتوودا”.
پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، سەبارەت بەو هێزەی پێکهێنراوە پرسیاریان ئاراستەی دەستەی حەشدی شەعبی کردوە و ئەوا وەڵامیان ئەوە بووە کە هیچ شتێک سەبارەت بە پێکهێنانی ئەو فەوجە نازانن و پێکهێنانیشی بەدور دەزانن، بەڵێنیشیان داوە ئەو فەوجە هەڵوەشێننەوە ئەگەر دروستکرابوو، جا لە هەرێمی کوردستان بێت یاخود دەرەوەی هەرێم.