وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، لەبارەی پێکهێنانى حەشدى کوردى روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەکی لەبارەی پێکهێنانی حەشدی کوردی بڵاوکردەوە.  

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی دەست (نوچەنێت) کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە وەزارەتی ناوبراو پەیوەندی بە دەستەی حەشدی شەعبی کردوە و ئەوان رەتیان کردۆتەوە کە ئاگاداری پێکهێنانی حەشدی کوردی بن لە ناوچە جێناکۆکەکان.

لە ڕوونکردنەوەكەی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە “لە بارەی بڵابوونەوەی هەواڵێك لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە دروستكردنی هێزێكی ‌‌چەكداری كورد لە پارێزگای كەركووك كە سەر بە حەشدی شەعبی بێت، بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنین كە پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە پەیوەندیمان بە سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كردووە بۆ بە دواداچوونی بابەتەكە. لە وەڵامی بەدواداچوونی ئێمەدا، دەستەی حەشدی شەعبی دووپاتی کردەوە كە هیچ هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی بۆ كوردستانیان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دروست ناكرێت و ئەوان ئاگاداری دروستبوونی هیچ هێزێكی لەو شێوەیە نین لە پارێزگای كەركووک  و لە لایەن خۆشیانەوە بەدواداچوون بۆ بابەتەكە دەكەن وئەگەر هیچ هەنگاوێكێش هاوێژرابێت بۆ دروستكردنی ئەو جۆرە هێزە، ئەوا لە لایەن سەرۆكایەتی دەستەكەیانەوە کاردەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی”.

دوای ئەوەی دوێنێ شەممە 12 ی كانونی یەكەمی 2020، دەستەی حەشدی شەعبی لە كەركووك پێكهێنانی یەكەمین فەوجی لە پێكهاتەی كوردی لەو شارە راگەیاند ، راستەوخۆ (نوچەنێت) پەيوەندی بە هەریەك لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و لیژنەی كاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان كردوو، هەردوولایەن ئەو هەوڵەی حەشدی شەعبیان رەتكردەوە.

دەستەی حەشدی شەعبی لە كەركوك درەستكردنی یەكەمین فەوجی كوردی لە ریزەكانی خۆی راگەیاند و وەك ئاماژەیان پێدا “كاری ئەو فەوجە كوردیە پاراستنی ئەمنیەتی باكووری رۆژئاوای كەركووكە”.

ئەدهەم جومعە سەرپەرشتیاری ئەو فەوجە بە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامنەنووسیدا لەكەركووك پێكهێنانی ئەو فەوجە كوردیەی حەشدی شەعبی راگەیاند و وتیشی “رەزامەندیمان لە دەستەی بالا وەرگرتووە بۆ پێكهێنانی ئەو فەوجە تایبەتە كە تەواوی پێكهاتەی فەوجەكەش لە نەتەوەی كوردن و هەنگاوێكی گرنگیشە كە كورد لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبیدا هەبێت”.

ناوبراو وتیشی “كار و ئەركی ئەو فەوجە نوێیەی حەشد پارێزگاری كردن دەبێت لەو گوندانەی كە دەكەونە سنووری قەزای دوبز (45 كلم لە باكوور رۆژئاوای كەركووك) و ئەو فەوجەش لەلایەن میحوەری باكووری حەشدەوە چاودێری و سەرپەرشتی دەكرێت”.

لەبەرانەبەر ئەو كارەی حەشدی شەعبیشدا وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو هەوڵەی حەشدی شەعبی رەتدەكاتەوە و پێیوایە كە حەشدی شەعبی بەمەبەستی لێدان كە نەتەوەی كورد لەو ناوچانە ئەو كارەی كردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com