(نوچەنێت)
بڕیارە ساڵی داهاتوو لووتکەی سێقۆڵی هەرسێ وڵاتی بەغداو عومان وقاهیرە بەوەڕێوە بچێت و تیایدا هەریەك لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، شای ئوردن و سەرۆككۆماری میسر لە شاری بەغدا كۆببنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی میدیایی فەرمیی حکومەتی عێراق بڕیارە لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، شا عەبدوڵڵا شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆككۆماری میسر لە بەغدا كۆببنەوە. کۆبوونەوەکە بۆ “تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە و بەهێزكردنی هاوكاری ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنانە لەنێوان عێراق، میسر و ئوردن”.
بەگوێرەی میدیای سەر بە حکومەتی عێراق، شەممەی رابردوو 12-12-2020 ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی وەزاری تایبەت بە ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان عێراق، میسر و ئوردن لە قاهیرەی پایتەختی میسر كۆبوونەتەوە.
ئەحمەد دلێمی، باڵیۆزی عێراق لە میسر و نوێنەری هەمیشەیی لە كۆمكاری عەرەبی گوتی “خالید بەتال، وەزیری پلاندانانی عێراق كە سەرۆكایەتیی شاندی عێراقی دەكات لە میسر، جگە لە گفتوگۆ بۆ كاراكردنەوەی ئەو رێككەوتنانەی پێشتر واژۆیان كردوون، ژمارەیەك رێككەوتننامەی نوێی لەگەڵ ئەو وڵاتە واژۆكردووە”.
لە كۆتایی تشرینی یەكەمی رابردوو عێراق و میسر 15 یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیان واژۆكرد، بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، یاداشتنامەكان تایبەتن بە بوارەكانی گواستنەوە، سەرچاوەكانی ئاو، دادوەری، تەندروستی، ژینگە، وەبەرهێنان، نیشتەجێكردن، ئاوەدانكردنەوە، دارایی، بازرگانی و پیشەسازی.