(نوچەنێت)
پەرلەمانی عەرەبی لەڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی له دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان و داواشی له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی كرد، په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق په‌ره‌پێبده‌ن بۆئه‌وه‌ی بتوانێت پارێزگاری له ئاسایش و سەقامگیری خۆی بكات.
لەمیانەی دانیشتنی ئاسایی خۆیدا لە قاهیرەی پایته‌ختی میسر پەرلەمانی عەرەبی لە ڕاگەیەندراوێکدا دوێنێ 12ی کانوونی یەکەمی 2020 کە وێنەیەکی دەست (نوچەنێت) کەوتووە، پشتیوانی لەهەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و کۆکردنەوەی چەک و گێڕانه‌وه‌ی بۆ ده‌ستی دەوڵەت و جێبه‌جێكردنی دەسەڵاتی یاسادانان، هەروەها پشتیوانی عێراق ده‌كات بۆ دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆ خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ” پێشوازی لەگفتوگۆگان و دانوستانەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ چارەسەرکردنی گرفتە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان به پشت به‌ستن به دەستور و یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامان لە نێوان گەلانی عێراقدا.”
پەرلەمانی عەرەبی جەختی له‌سه‌رهەماهەنگی تەواوی خۆی لەگەڵ کۆماری عێراق كرده‌وه، به مەبەستی بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی و پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و دەستوه‌رنه‌دان لە کاروباری ناوخۆیی.
داواشی له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی كردووە، پەیوەندییە فه‌رمی و جەماوەرییەکانیان لەگەڵ کۆماری عێراق لەهەموو ئاستەکاندا پەرەپێبدەن و چڕبکەنەوە، بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بپارێزێت، کە بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی.