نوچه‌نێت
حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى پێشووترى حكوومه‌تى عێراق ده‌ڵێ ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ى كه قاسم سوله‌یمانى و موهه‌ندیسى كوشتووه، له‌لایه‌ن عێراقه‌وه ره‌زامه‌ندى پێدراوه. عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكى پێشووى حكوومه‌ت ئه‌و لێدوانه‌ى عه‌بادى به‌درۆ ده‌خاته‌وه.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى ساڵیادى رووداوى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیسى جێگرى سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبى له هێرشێكى ئه‌مریكا له سێى كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ. جارێكى تر دۆسیه‌كه زیندوو ده‌كرێـته‌وه.
حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووترى عێراق دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى عێراقییه كردووه و ده‌ڵێ، “ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ى ئه‌و سه‌ركردانه‌ى كوشتن له‌لایه‌ن عێراقه‌وه ره‌زامه‌ندى پێدراوه”. بێژه‌رى كه‌ناڵه‌كه پێى ده‌ڵێ، “ئه‌مه قسه‌یه‌كى ترسناكه” عه‌بادى له وه‌ڵام ده‌ڵێ، “ترسناك نییه راستییه، هه‌مووان ئه‌مه ده‌زانن”.
عه‌بادى ناوى ئه‌و به‌رپرسه و ده‌زگایه‌ى نه‌هێناوه كه ره‌زامه‌ندى به فڕۆكه ئه‌مریكییه‌كه داوه، به‌ڵام ئه‌و كات پێدانى ره‌زامه‌ندى به فڕۆكه بیانییه‌كان ته‌نیا له ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك وه‌زیران بوو كه هاوكات فه‌رمانده‌ى هێزه چه‌كداره‌كانه، ئه‌و كاتیش عادل عه‌بدولمه‌هدى بوو، بۆیه به په‌له عه‌بدولمه‌هدى زانیارییه‌كانى عه‌بادى ره‌تكردووه‌ته‌وه.
نووسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له وه‌ڵامى عه‌بادى ده‌ڵێ، ره‌زامه‌ندى به هیچ فڕۆكه‌یه‌كى نه‌دراوه، هه‌رچه‌نده ئه‌و كات پێشیلكارییش هه‌بووه. بۆیه ئێمه به ته‌واوى ئه‌و زانیارییانه ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه.
ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كردووه و پێشبینى ئه‌وه‌ى كردووه كه له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى ساڵیادى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى جارێكى تر گرژيى له عێراق دروست ببێته‌وه و وه‌ك نموونه‌یش باس له‌وه ده‌كات دوێنێ میلیشیاكانى شیعه هێرشێكیان بۆ سه‌ر كاروانێكى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌نجام داوه.