(نوچەنێت)
هەر یەکە لە زانکۆکانی هەڵەبجە، گەرمیان و کۆیە رایانگەیاندووە، دەوامی خوێندن رادەگرن. وەك ەخۆیان دەڵێن راگرتنی دەوامەكانیان بەهۆی خۆپیشاندانەكان و پراستنی گیانی خوێندكارەكانیانە.
لە راگەیهندراوی زانکۆی گەرمیاندا لەبارەی راگرتنی دەوام هاتووە، “بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی کە هاتووەتە پێش و لەپێناو سەلامەتیی گیانی خوێندکاران”، بڕیاریان داوە دەوام لە 13-12 تا 17-12ـی 2020 رابگرن. هاوکات خوێندنی باڵا بۆ خوێندکارانی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەردەوام دەبێت.
لەکاتی راگرتنی دەوام خوێندنی ئۆنلاین لە زانکۆی گەرمیان بەردەوام دەبێت. لەبارەی تاقیکردنەوەکانیش دەڵێت، بۆ هەفتەی دوای خۆیان دوادەخرێن.
زانکۆی هەڵەبجەش ئاماژە بەوە دەکات، خوێندکارانی قۆناخی یەکەمی سەرجەم بەشەکانی کۆلێژەکان پشوویان دەبێت و خوێندکارانی قۆناخەکانی دیکەی بەش و کۆلێژەکان بەشێوەی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبن. راگرتنی دەوامیش لە 13-12-2020 تاوەکو 17-12-2020 دەبێت.
لای خۆشییەوە سەرۆکایەتیی زانکۆی کۆیە لە راگەیهندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەنجومەنی زانکۆکە لە 8ـی ئەم مانگە بڕیاریداوە خوێندنی ناو کامپەس رابگرێت، بۆیە “بە رەچاوکردنی بارودۆخەکە، ئەنجوومەنی زانکۆ بە باشی دەزانێت کە راگرتنی خوێندنی بەرایی لەناو کامپەس بەردەوام دەبێت تا کاتێکی دیکە تا ئەنجومەن بڕیای نوێی لە بارەوە دەدات و خوێندکاران پێشوەخت ئاگادار دەکرێنەوە”.
زانکۆی کۆیە ئەوەشی وتووە، “خوێندکارانی خۆشەویستی قۆناخی بەکالۆریۆس ئاگادار دەکرێنەوە کە خوێندنی ناو کامپەس جارێ راگیراوە بە شێوەیەکی کاتی”.
زانکۆکانی هەڵەبجە، گەرمیان و کۆیە دەوامی خوێندنیان راگرت
0
Share.