خۆپێشاندان له چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌ك به‌رده‌وامه
نوچه‌نێت
خۆپێشاندان له سلێمانى وهه‌ڵه‌بجه وچه‌ند شارۆچكه‌یه‌كى تر‌ى كوردستان ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه و له چه‌ند شوێنێكيش گرژیى تێكه‌وتووه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 11ى كانوونى یه‌كه‌م، له چه‌ند ناوچه‌یه‌كى كوردستان خۆپێشاندان ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه و به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریی وڤیدیۆیانه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه، خۆپێشاندان له چه‌ند شوێنێكى سلێمانى گرژیى تێكه‌وتووه.
تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر بوونى رووداوى كوشتن و برینداركردن و باره‌گا سووتاندن نییه، به‌ڵام به‌گوێره‌ى چه‌ند ڤیدیۆیه‌ك هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆپێشانده‌ران به‌ریككه‌وتوون.
په‌رله‌مانتارانى گۆڕان له په‌یجه‌كانى خۆیان باسیان له‌وه كردووه، به ده‌یان كه‌س له‌ناو سلێمانى له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كان گیراون، به‌ڵام زانیارى ورد له‌سه‌ر ژماره‌ى گیراوه‌كان نییه.
له سێى ئه‌م مانگه به‌هۆى دواكه‌وتنى مووچه خۆپێشاندان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى پێكرد، له رۆژانى دواتر گرژیى تێكه‌وت، به‌گوێره‌ى زانیارییه فه‌رمییه‌كان تا ئێستا نۆ كوژرا و 60 بریندار هه‌یه.