لیژنەیەكی پەرلەمانی كار بۆ چاودێریكردنی نوێنەرایەتیەكانی حكوومەت لە دەرەوە دەكات

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی لەپەرلەمانی كوردستان كار لەسەر چۆنیەتی چاودێریكردنی نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەدەرەوە دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاریان داوە بەم نزیكانە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت كۆبوونەوە ئەنجام بدەن بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ ئەم چاودێری كردنەیان.

لەمبارەیەوە ئەبوبەكر عومەر هەڵەدنی، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی بە (نوچەنێت)ی راگەیاند “دوێنێ  چوارشه‌ممه‌ 2020/12/9 کۆبوونەوەکەمان  تایبەت بوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتیی چاودێریکردنی نوێنەرایه‌تییەکانی حکومەتی ھەرێم لەدەرەوە، لەڕووی بەرێوەچوونی کارەکانیان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و تاووتوێکردنی کێشەو گرفتەکانی ڕەوەندی کوردستانی لەدەرەوە، ئەمەش وەک ئەرکی لیژنەی پەیوەندییەکان بۆ چاودێریکردنی ئەدای ئەو نوێنەرایه‌تییانە کە لەدەرەوەن، دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەنێوان ئەندامانی لیژنەكه‌ لەسەر ئەو پرسانە، بەمەبه‌ستی زیاتر ئاگاداربوون لەکارو ئەدای ئەو نوێنەرایه‌تییانە، لیژنە بڕِیاریدا لەئایندەیەکی نزیکدا میوانداریی سەرۆکی فەرمانگەی په‌یوه‌ندییه‌كانی دەرەوەو ستافی فەرمانگەكه‌ بکات”.

ناوبراو ئەوەی دووپات كردەوە كە “چاودێری كردنی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێم لە دەرەوە، پسپۆڕی لیژنەكەی ئێمەیە، بۆیە دەبێ میكانزمێك دابنێین بۆ چۆنیەتی چاودێری كردنەكە لەوانەش كە نوێنەرایەتیەكانی حكوومەتی هەریم لەرێگەی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەوە راپۆرتەكانیان بگەن بەلیژنەكەمان، هەورەها بشتوانین لەگەڵ ئەو فەرمانگەیە لینكێك لەگەڵ ئەو نوێنەرایەتیانە دروست بكەین یان ئەوەتا بەشێوەی راستەوخۆ بێت، یان بەشێوەی ئۆنلاین كۆبوونەوە ئەنجام بدەین، لە داهاتووشدا بەفەرمی لیژنەكەمان سەردانی دەرەوە بكات و بەشێویەكی مەیدانی سەردانی نوێنەرایەتییەكان بكات و گوێ لە گیروكرفتەكانیان بگرێ، كە زۆربەی كێشەكانیان پەیوەندی بە رەوەندی كوردستانییەوە هەیە”.

ئەبوبەكر هەڵەدنی باسی لەوەشكرد كە 14 نوێنەرایەتی حكوومەت لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەن و رەخنەی لەشێوازی دانانی ئەو نوێنەرایەتیانە كرد كە هەموویان لەنێوان یەكێتی و پارتی دابەشكراون، وتیشی “بەداخەوە تەواوی ئەو نوێنەرایەتیانە لەسەر یەكێتی و پارتی دابەش كراون، بەڵام باشترە لەسەر بنەمای پسپۆڕی بێت نەك پشكپشكێنەی حزبی، هەقە دەرفەت بدرێ بە كەسانی پسپۆڕ و سیڤیش بۆ ئەم مەبەستە پێشكەش بكرێ بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی بووە بۆ ئەو نوێنەرایەتییانە لەدەرەوە هەرێمی كوردستان دابەشكاری و پشكپشكێنە بووە لەلایەن یەكێتیی و پارتییەوە”.

سەبارەت بە رەوەندی كوردستانی و كاركردن لەسەر پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بەو رەوەندە، ناوبراو رایگەیاند “لیژنەكەمان پرۆژە یاسایەكی بەناوی رەوەندی كوردستانی ئامادە كردووە، پێشتریش كۆنفرانسێكمان لە هۆڵی پەناگیری پەرلەمان بۆ ئەنجام داوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی دۆخی كۆڕۆناوە نەمانتوانیوە درێژە بەوە بدەین، وێنەی ئەو پڕۆژە یاسایەمان بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و تەواوی فراكسیۆنەكان ناردووە، بۆ ئەوەی سەرەنجی خۆیان لەسەر دەربڕن، ئێمە پێمانوایە كە ئەو پڕۆژەیاسایە پرۆژەیەكی باش و گرنگەو بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر هەریەك لە فەرمانگەی پەیوەندییەكان و تەنانەت پەرلەمانیش، كە لەداهاتوودا بەشێوەیەكی رێكخراوتر كار لەسەر رەوەندی كوردی لەدەرەوە بكرێت”.

بڕیارده‌ری لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی، رەخنەش ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكات كە وەك پێویست گرنگی و بایەخ بە كاری لیژنەكەیان نادەن، دەڵێ “گلەیی گەورەمان لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە كە بایەخی ئەو لیژنەیەی ئێمە نازانێت، وە ناشزانێ تاكە مەیدانی كاركردنی ئەو لیژنەیە لە دەرەوەی كوردستان و لەگەڵ رەوەندی كوردستانییە، بۆیە كارئاسانی بۆ لیژنەكەی ئێمە ناكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین وەكو پێویست بەكارەكانی خۆمان هەڵبستین”. ئەوەش رووندەكاتەوە كە لیژنەكەیان لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە پەراوێزخراوە و دەشڵێ “بەداخەوە زۆرێك لە پەیوەنیەكان لەرێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە راستەوخۆ لەگەڵ كونسوڵ و وڵاتان ئەنجام دەدرێن، بۆیە وەكو لیژنەكەمان هەست بە جۆرێك لە پەراوێزخستن دەكەین لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، چونكە بەراستی تا ئێستا سەرۆكایەتی پەرلەمان دركی بە سروشتی كاری لیژنەكەی ئێمە نەكردووە، بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ بكات و ئەركەكانی رابپەڕێنێ”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com